لە تورکیا 30 کەس بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە دەستگیر کران

بەشی تورکیا- لە چەند شارێکی تورکیا، 30 کەس بە تۆمەتی کارکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگای مێرسین لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 18ی ئاداری 2022 بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی پەکەکە، کە لە سووریاوە هاتوونەتە تورکیا.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە ناونیشانی 10 کەس دەستنیشانکراون تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە ئامەد و مێرسین هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو ناونیشانانە و 6 کەسیان دەستگیرکردوون. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەستگیرکردنی 4 کەسەکەی دیکە بەردەوامە.

هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای ئیزمیر، 14 کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران.

بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە ئەمڕۆ هەینی 18ی ئاداری 2022 لەلایەن پارێزگای ئیزمیر بڵاوکراوەتەوە، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیزمیر تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی ئیزمیر، هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ناونیشانێک لە ناوەندی شاری ئیزمیر و شارۆچکەکانی بوجا، کۆناک، بۆرنۆڤا، کارشییاکا و مەنەمەن، 14 کەس دەستگیرکراون.

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی ئادانا، هەڵیانکوتایە سەر چەند ناونیشانێک لە ناوەندی شاری ئادانا و 10 کەسیان دەستگیرکرد.

تیمەکان دوای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی دیجیتاڵیدا گرتووە. 10 کەسەکە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگا کراون.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەو 10 کەسەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون، پێشتر لە سووریاش کاریان بۆ پەکەکە کردووە و لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ ئەو رێکخراوە کردووە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

News Code 5465

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha