وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق له‌سه‌ر پاککردنه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان وه‌ڵامی پێشمه‌رگه‌ ناداته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ئه‌رکانی ئۆپراسیۆنه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕای‌گه‌یاند که‌ به‌هۆی خراپیی دۆخی ئه‌منییه‌وه‌ ده‌یان گوند له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان له‌ ترسی داعش چۆڵ کراون به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق وه‌ڵامی داوایێکی پێشمه‌رگه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست‌پێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆ بۆ پاککردنه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان ناداته‌وه‌.

کوردپرێس:

لیوا قاره‌مان كه‌مال جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی ئۆپراسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: تا ئێستا وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق وه‌ڵامی نامه‌یێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له ‌نێوان لیژنه‌كانی هه‌ر دوو وه‌زاره‌ت له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی تا ئێستا نه‌توانراوه‌ هه‌ماهه‌نگی له ‌نێوان پێشمه‌رگه ‌و سوپا له‌و ناوچانه‌ دروست بكرێته‌وه‌، لیوا قاره‌مان وتی: "كێشه‌كان لای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نییه ‌و په‌یوه‌ندی به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یێک ئه‌وان كه‌مته‌رخه‌ن له‌و پرسه ‌و نایه‌نه‌ پێشه‌وه‌".

ناوبراو ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: تا دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌و جۆره‌ بمێنێته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی نه‌بێت ئه‌وه‌ مه‌ترسیی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی سنووری (مه‌خموور، ده‌شتی نه‌ینه‌وا، باشووری كه‌ركووک و خانه‌قین) زیاتر ده‌بێت و تا ئێستاش به‌ده‌یان گوندی ئه‌و ناوچانه‌ له ‌ترسی داعش چۆڵ كراون.

به ‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ژماره‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له ‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان كه‌مه ‌و ناتوانن كۆنترۆڵی ئه‌منیی ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ن به ‌شێوه‌یێک به‌ درێژایی شه‌ڕی داعش، ئه‌و تیرۆریستانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ سه‌ر چیای قه‌ره‌چوغ به‌ڵام له ‌دوای كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌، ئێستا ئه‌و شوێنه‌ ستراتێژییه‌ به ‌ده‌ستی ئه‌و گرووپه‌وه‌یه‌ و سوپاش ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54337

Your Comment

You are replying to: .
captcha