بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتۆڵڵا خامنەیی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە دیداری جەنابی ئابێ شیزۆ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن جەختی کردۆتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ متمانەی بە ئەمریکا نییە و ئەزموونە تاڵەکانی پێشوو وەکوو ئەوەی لە برجام ڕوویدا دووپات ناکرێتەوە چوونکە هیچ میللەتێکی ئازاد و دلێر و عاقڵ لەژێر گوشاردا دانووستان ناکات.
لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بە ڕێبەری ئێرانی ڕاگەیاند: من دەمەوێت پەیامێک لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بە جەنابتان بگەیێنم.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنی وت: ئێمە گومانمان لە نیازپاکی و جیدی بوونی ئێوەدا نییە بەڵام سەبارەت بەوەی لەبارەی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە وتتان من شەخسی ترەمپ بە شایانی هیچ پەیام و وەڵامێک نازانم.
ئایەتۆڵڵا خامنەیی سەبارەت بەوەی کە ترەمپ گوتبووی: "ئەمریکا بەنیازی گۆڕینی ڕەژیمی ئێران نییە" جەختی کردەوە ئەمریکا ئەگەر ئەو نیازەشی بێت توانای جێبەجێ کردنی نییە هەروەها کە لە چل ساڵی ڕابردوودا بۆ لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیان دا و نەیانتوانی ئەو کارە بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment