ئابێ شینزۆ: ژاپۆن هه‌وڵه‌کانی بۆ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ی ناوچه‌که‌ ده‌خاته‌ گه‌ڕ

به‌شی ئێران- سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆی له‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئێران ده‌ربڕی و ڕای‌گه‌یاند: هه‌موو هه‌وڵه‌کانمان بۆ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ی ناوچه‌که‌ ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 22ی جۆزه‌ردانی 1398 ئابێ شینزۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن پاش کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: به‌رپرسانی ئێران پێشوازییێکی گه‌رم و گوڕیان له من کرد و خۆشحاڵم که‌ سه‌ردانی ئه‌م وڵاته‌م کردووه‌ و تاران- تۆکیۆ په‌یوه‌ندییێکی له‌مێژینه‌‌ی فه‌رهه‌نگییان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن باسی له‌وه‌ کرد: ده‌بێ له‌ هه‌ر ڕێگایێکه‌وه‌ بووه‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ین گرژییه‌کانی ناوچه‌که‌ ته‌شه‌نه‌ بسێنێت و ژاپۆن ده‌توانێت له‌م باره‌وه‌ ده‌ورێکی کارامه‌ بگێڕێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و ژاپۆن جه‌ختی کرده‌وه‌: گه‌لی نێوان دوو وڵات گۆڕانکاریگه‌لێکی زۆریان ئه‌زموون کردووه‌ و تاوه‌کوو ئێستاش په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو گه‌لی ئێران و ژاپۆن درێژه‌ی بووه‌.

ئابێ شینزۆ گوتیشی: له‌ناخی دڵه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ فتوای ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ده‌که‌م له‌باره‌ی ناڕه‌وابوونی به‌کارهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی و چاوه‌ڕوانین ئێران له‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی بمێنێته‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن ڕاشی‌گه‌یاند: گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌باره‌ی ڕێگاکانی سه‌قامگیری و ئاشتیی ناوچه‌که‌ ئه‌نجام دا و پێم وایه‌ به‌ هه‌وڵێکی زیاتر کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 12ی حوزه‌یرانی 2019/ 22ی جۆزه‌ردانی 1398 ئابێ شینزۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی ژاپۆن به‌ یاوه‌ریی شاندێکی باڵای سیاسی و دیپلۆماسی به‌مه‌به‌ستی دیدار و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گه‌یشته‌ تاران و له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئاباد له‌لایه‌ن محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا.

ناوبراو به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23ی جۆزه‌ردانی 1398‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایه‌تۆڵڵا خامنه‌یی کۆ ده‌بێته‌وه‌ و پاش دیداری له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری ئێران کۆتایی به ‌سه‌فه‌ره‌ دوو ڕۆژه‌که‌ی له‌ ئێران دێنێت.

شایانی باسه‌؛ سه‌ردانی ئابێ شینزۆ بۆ تاران یه‌که‌مین سه‌ردانی به‌رپرسێکی باڵای ژاپۆن بۆ ئێران پاش سه‌ردانی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاته‌ی ژاپۆن له‌ ساڵی 1978ی زاینی دێته‌ ئه‌ژمار.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54290

Your Comment

You are replying to: .
captcha