بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیێکدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، نەوفەل بەها مووسا ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ بریکاری وەزیری گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا کۆ بووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە، دەربارەی هاریکاری و هەماهەنگی بۆ گێڕانەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ماڵ و حاڵیان تێکچووە و ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە.
داواشی لە حکوومەتی ئەڵمانیا کردووە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ پەنابەرە عێراقییەکان بکەن.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەختیشی کردەوە، ژمارەیێکی زۆر هاوڵاتیی عێراقی ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە و کێشەی زۆریان هەیە، بۆ چارەسەرکردنیان لەگەڵ حکوومەتی ئەڵمانیا هەماهەنگی دەکەن بۆ پشتیوانی کردنیان بۆ گەڕانەوەی خۆویستانە بۆ وڵاتی خۆیان، بە تایبەت ئەوانەیان کە داخوازیی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕێکخراوی داعش چەند شار و ناوچەیێکی عێراقی کۆنترۆڵ کرد، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ مانەوە، بەشێکیشیان ڕێگەی دەرەوەیان گرتەبەر و ڕوویان لە وڵاتانی ئەورووپا کرد، بەتایبەت کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ئەڵمانیا دەرگای کۆچی کردەوە بۆ وڵاتەکە و ژمارەیێکی زۆر هاوڵاتیی عێراقی و سووری ڕوویان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد.
سەرچاوە: NRT
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment