به‌رهه‌م ساڵح: پێگه‌ی مه‌سعوود بارزانی ده‌بێته‌هۆی ساڕێژبوونی برینه‌كانی ناو ماڵی كورد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق ڕۆڵی سه‌رۆک بارزانی وه‌کوو یه‌که‌م سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌رز ده‌نرخێنێت و ده‌ڵێت: پێگه‌ی مه‌سعوود بارزانی ده‌بێته‌هۆی ساڕێژبوونی برینه‌کانی ناو ماڵی کورد.

کوردپرێس:

کاتژمێر 12:15 خوله‌کی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10-6-2019 په‌رله‌مانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌یێکی ئاسایی ساز کرد و تێیدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

به‌رهه‌م ساڵح: پێگه‌ی مه‌سعوود بارزانی ده‌بێته‌وه‌ هۆی ساڕێژبوونی برینه‌کانی ناو ماڵی کورد

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق له‌ وتارێکدا له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ به‌ بۆنه‌ی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ساز کراوه‌ ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ بۆنه‌یێكی مێژوویی و گرنگه‌ و پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌که‌م به‌ڵام هه‌مووان چاوه‌ڕوانی زۆریان لێی هه‌یه‌."

به‌رهه‌م ساڵح سوپاس و پێزانینی ئاراسته‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری پێشووی سه‌رۆكی هه‌رێمیش كرد.

ناوبراو ستایشی ڕۆڵی مه‌سعوود بارزانی کرد و گوتی: "پێگه‌ و ڕۆڵی که‌سه‌کان به پله‌ و‌ پۆستی سیاسییه‌وه‌ دیاری ناکرێت بۆیه‌ مه‌سعوود بارزانی له‌ داهاتوودا ده‌وری زیاتر ده‌بێت كه‌ له‌ سه‌رووی 50 ساڵ زیاتر خه‌باتی هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانیشمان له‌ پشتیوانیی مه‌سعوود بارزانی هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم."

به‌رهه‌م ساڵح زیادیشی کرد: "پێگه‌ی مه‌سعوود بارزانی ده‌بێته‌هۆی ساڕێژی برینه‌كانی ناو ماڵی كورد و یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوخۆی كوردستان."

ناوبراو هاوكات ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی مام جه‌لال و پشتیوانیی نه‌وشیروان مسته‌فا كرد كه‌ ڕۆڵیان له‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌.

سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌ تاوانه‌كانی ئه‌نفالی گه‌رمیان و بارزانی و هه‌زاران گوندی وێرانكراو كرد كه‌ هه‌وێنی ئه‌م ده‌ستكه‌وت و ئازادییه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستانن و ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ هه‌مووان ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ بپارێزین و به‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان چاكسازییێكی بنه‌ڕه‌تی و فه‌رمانڕه‌وایییێكی باشتر ده‌ست پێبكرێت.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ گوتیشی: "دۆخه‌كه‌ دژواره‌ و پێشبینی كردن بۆ داهاتوو ڕوون نییه‌، خه‌ڵكی عێراق له‌ ڕابردوودا چه‌ندین شه‌ڕ و ناخۆشی بینیوه‌ كه‌ دواهه‌مینیان شه‌ڕی داعش بوو كه‌ به‌ هه‌مووان توانرا ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ هه‌وڵی هه‌مووان، پێشمه‌رگه‌، سوپای عێراق، حه‌شدی شه‌عبی و پشتیوانی هاوپه‌یمانان تێكبشكێنرێت."

سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و شۆڕ و كاره‌سات و شه‌پۆلی توندڕه‌وییه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییه‌، له‌ پێكهێنانی سیسته‌مێكی سیاسیی ئابووری بۆ ناوچه‌كه‌وه‌ بگره‌ تا به‌رپاكردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ وڵاته‌كان. چاره‌سه‌ر شه‌ڕ و شۆڕ نییه‌ به‌ڵكوو گفتوگۆیه‌، سه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ‌بێ دابینكردنی مافی كورد نابێت، وه‌كوو نه‌ته‌وه‌كانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ و به‌های هاوبه‌شی هه‌یه‌. پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ین له‌ عێراق به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی هه‌موو لایێک به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، عێراق بكه‌ینه‌وه‌ پێگه‌یێكی هاوبه‌ش و وڵاته‌كه‌ش تووشی شه‌ڕ و ئاشووب نه‌كه‌ینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پێویستمان به‌ پته‌وكردنی ڕیزه‌كانی ناوخۆی عێراقه‌ ئه‌گه‌رچی به‌ قسه‌ خۆشه‌ به‌ڵام پیویستی به‌ هه‌نگاو و كرداری پێویست هه‌یه‌ به‌تایبه‌تیش چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان، به‌ڵكوو پێویست به‌ چاره‌سه‌ركردنی حكومڕانی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات له‌ به‌سڕه‌وه‌ تا مووسڵ هه‌یه ئه‌وه‌ش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی بڕگه‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشته‌واییی گه‌لانی عێراق و په‌یوه‌ندیی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و فدراڵی.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: "با له‌ بری ململانێی و ناكۆكی ئه‌و خێر و بێره‌ی له‌و وڵاته‌ هه‌یه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵک و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و پێشكه‌وتنی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگا به‌كار بهێنرێت."

به‌رهه‌م ساڵح له‌باره‌ی که‌سایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان گوتی: نێچیرڤان بارزانی ئه‌زموونێکی درێژی حکومڕانی و دیپلۆماسی هه‌یه‌، "چاوه‌ڕوانیمان له‌ جه‌نابت کاک نێچیرڤان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕۆڵی کاریگه‌رت هه‌بێت تا په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ئاراسته‌یێکی دڵنیادا بڕوات."

عه‌ممار حه‌کیم: متمانه‌ی ته‌واومان به‌ نێچیرڤان بارزانی هه‌یه‌

عه‌ممار حه‌کیم سه‌رۆکی ره‌وتی حیکمه‌ش گوتارێکی پێشکه‌ش کرد و ڕای‌گه‌یاند: "پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌که‌م و ڕۆڵی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی به‌رز ده‌نرخێنین که‌ له‌ ڕابردوو و ئێستاش سه‌رکرده‌یێکی نیشتمانیی عێراقی کوردییه‌ که‌ جێ په‌نجه‌ی به ‌ڕوونی دیاره‌ له‌ ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌کان له‌ عێراقدا".

سه‌رۆکی ڕه‌وتی حیکمه‌ زیادی کرد: "ئێمه‌ متمانه‌ی ته‌واومان هه‌یه‌ که‌ سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و ڕێچکه‌یه‌ به‌ هه‌مان تواناوه‌ به‌تایبه‌تی که‌ ئه‌و کوڕی کۆچکردووی ئیدریس بارزانییه‌، ئه‌و سه‌رکرده‌ به‌توانایه‌ی که‌وا ناسراوبوو به‌ ڕه‌وشتی به‌رزی و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ تایبه‌ته‌کانی".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54221

Your Comment

You are replying to: .
captcha