بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەلێدوانێكدا رایگەیاند پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەیێک بۆ گرژییەكانی ناوچەكە بەشێكی گرنگی گفتوگۆكانی هایكۆ ماس دەبێت لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق.
ناوبراو ئاشكراشی كرد كە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا، پشتیوانییەكانی ئەڵمانیای بۆ عێراق لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دووپاتدەكاتەوە.
لەوبارەیەشەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک كۆماری عێراق پێشوازی لە هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد و رایگەیاند: داننان بە بەرژەوەندی هاوبەش رێگایێكە بۆ دوورخستنەوەی وڵات و ناوچەكە لە تارمایی ململانێكان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بەیاننامەیێكی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاو كردوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، كە بەرهەم ساڵح جەختی لە بایەخی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردوەتەوە بەتایبەت لە كەرتی ئابووری و پیشەسازیدا.
هەروەها ستایشی پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە لە عێراق و پشتگیرییەكانی ئەڵمانیا بۆ گەلی عێراق بەرز نرخاندووە، بەتایبەت لە بواری گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و پێشكەش كردنی هاوكاری بۆیان.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پابەندبوونی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ پشتگیری كردنی عێراق لە سەرجەم بوارەكاندا دووپات كردەوە و سووربوونی خۆیانی بۆ پەرەپێدانی ئاسۆی هاریكاری دوولایەنە راگەیاند.
سەرچاوە: بەغدا ئەلیەوم
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment