گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کارتێکەریی لەسەر چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق نابێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ جەخت دەکاتەوە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کارتێکەریی لەسەر چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق نابێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ ئاشکرای کرد؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پلانیان هەیە تا چوار ساڵی دیکە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و سوپای عێراق بکەن و تواناکانیان بەرەو پێش ببەن.

جەنەراڵ دانی فۆرتین، فەرماندەی هێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عێراق، لە بارەگای سەرەکیی ناتۆ لە برۆکسل رایگەیاند: هاوشانی هاوڕێکانمان دەوەستینەوە لە عێراق، ئەرکمان راهێنانە بۆ بونیاتنانی توانای سەربازیی هێزە ناوخۆییەکانی عێراق و بەردەوام دەبین لەو ئەرکە بۆ رێگریی کردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

ناوبراو ئاماژە بەوەکرد؛ نزیکەی 500 راهێنەر و راوێژکاری لە عێراقن بۆ یارمەتیدان و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی هێزە ناوخۆییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.

فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق جەختی کردەوە؛ ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە هێزە عێراقییەکان دوای راهێنانیان بتوانن خۆیان تواناکانیان بەرەو پێش ببەن و ببنە راهێنەر و راوێژکار.

جەنەراڵ فۆرتین راشیگەیاند: لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵةتی پلانیان هەیە تا ماوەی چوار ساڵی دیکە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی سوپا و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانیان و هەماهەنگی تەواویان هەیە لەگەڵ یۆنامی و یەکێتی ئەورووپا و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق نابێت.

سەرچاوە: سۆمریە نیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54144

Your Comment

You are replying to: .
captcha