کوردپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانەیێکدا کە لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "العالم" کردوویەتی کۆمەڵێک تەوەری لەبارەی دواپێشهاتی ناوچەکە و تەنگەژەی نێوان ئێران و ئەمریکا خستە ڕوو.
زەریف لەبارەی عیلاقاتی ئێران لەگەڵ سعوودیە گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین پێوەندیمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ پێوەندییێکی سازندە و باش بێت بەڵام مەرجی ئێران بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە ئەوەیە ئەو وڵاتە مەنهەجەکەی لە سیاسەتی ناوچەکە بگۆڕێت. ئەگەر سعوودیە ئامادە بێت ئەو مەنهەجەی بگۆڕێت ئەوا سبەی من لە ڕیاز دەبم."
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی نێوانگیری کردنی هەندێک لە وڵاتان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئەلعالەمی وتووە ڕاستە قسە دەکرێت. بەڵام سیاسەتی دەرەوەی ئێران سیاسەتێکی شەفاف و ڕوونە. ئەمریکا جارێک زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێت و جارێکی زمانی ئارام. ئەمە لای ئێمە قیمەتی نیە. ئەوەی ئێمە بەهەندی وەردەگرین عەمەل و کرداری وڵاتی بەرانبەرمانە. مەرج ئەوە نیە چی دەڵێیت. مەرج ئەوەی چی دەکەیت.
ناوبراو گوتیشی: "ئەمریکا وەکوو ئەو لاتەیە کە لە هێڵی لایتی ترافیکدا وەستاوە و دەڵێت ئەگەر گڵۆپە سەوز بوو دەبێت بوەستی و ئەگەر سوور بوو دەبێ بچیت ئەگینا خۆت و ئوتومبێلت دەهاڕم! ئەمە عەقڵییەتی ئەمڕۆکەی ئەمریکایە و ئەو سیاسەتەش کەس لێی تێناگات و سیاسەتێکی ناڕوونە."
پرسیاری ئەوەش لە زەریف کرا کە ئایا بەم دۆخەی ئێستاوە و بەو نێوانگیرییانەی باسیان لێدەکرێت ئەگەری ئەوە هەیە ئێران و ئەمریکا دیسان گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن؟ زەریف لە وەڵامدا ڕایگەیاند: "گفتوگۆ بۆچی دەکرێت؟ بۆ ئەوە دەکرێت کە ڕێککەوتنێک ببێت و ئەو ڕێککەوتنەش جێبەجێ بکرێت. ئێستا ڕێککەوتنەکە کراوە بەڵام ئەمریکا لێی کشاوەتەوە. ئێستاش ئەمریکا با بێت برایەتییەکەی بسەلمێنێت ئینجا داوای میرات بکات. ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ نێو ئەو ڕێێکەوتنە ئەتۆمییەی کراوە و زیاتر لە 150 لاپەڕە لەخۆ دەگرێت ئینجا دەکرێت قسە لەسەر شتی تر بکەین."
شایانی باسە ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە یەک ساڵی تەواوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشاوەتەوە و وڵاتانی ئەورووپی بەردەوام بەزارەکی داوای مانەوەی ئێرانیان کردووە و بەڵێنیان داوە بەرژەوەندییەکانی ئێران لەو ڕێککەوتنەدا پارێزراو بێت. هەر بۆیەش دەستیان دایە دامەزراندنی کەناڵێکی دارایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بە ناوی "ئینستێکس". بەڵام ئەو کاناڵە دارایییەش تا ئێستا هیچ سوودی نەبووە و ئەورووپا نەیتوانیوە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکا جووڵەی کرداریی نەبووە. هەر بۆیەش ئێران ماوەیێکی دوو مانگەی بۆ ئەورووپا دیاری کردووە و وتوویەتی ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا ئەورووپا مشوورێکی ڕێککەوتنەکەی نەخوات ئێران هەنگاوی دووهەم هەڵدەگرێت کە ڕەنگە یەک لە بژاردەکانی ئەوە بێت لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە. جووڵەی سەربازی و نمایشە ڕواڵەتییەکانی ئەمریکاش بە ناردنی هێزی سەربازی و کەشتیی جەنگی بۆ کەنداو و ناوچەکە سوودی نەبووە و ئێستا ئیدارەی ترەمپ یەک هەنگاو بەرەو دواوە کشاوەتەوە و دەڵێن هەرگیز پلانی ئەوەیان بە دەستەوە نەبووە کە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بکەن ئەوەش لەکاتێکدا پاش جووڵاندنی هێزە ئەمریکییەکان مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕ لە ناوچەکە باسی لێدەکرا. لەم نێوانەدا کۆمەڵێک وڵاتی ئەورووپی و ئاسیایی باسی نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن و دەوترێت 5 وڵات ئامادەییان دەربڕیوە کە نێوەندگیری بکەن. ئێرانیش بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە هەمیشە ئاشتیخوازە بەڵام هەرگیز لە ژێر گوشاردا گفتوگۆ ناکات.
Your Comment