کوردپرێس:
"عەبدولئیلا مستەفا" مامۆستای زانکۆی قامیشلۆیە و وەک چاودێرێکی سیاسی تاوتوێی دواپاشهاتی ناوچەکە دەکات. ناوبراو لە گفتوگۆیێک لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە ئایندە و چارەنووسی سووریا کردووە و دەڵێت ئێمە دەبینین کە شەڕێکی سیستەماتیکی لە سووریا ڕووی داوە. ئەوەش پێوەندیی بە ڕووداوەکانی ڕابردووەوە هەیە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی دابەشکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا ڕووی دا.
ناوبراو دەشڵێت: شەڕی سووریا شەڕی نێوان دوو دەوڵەت یان خود دەوڵەتانی ناوچەکەش نیە بەڵکوو ئەو شەڕە ئەنجامی بەرژەوەندخوازیی دەسەڵاتە بیانییەکانە لە سووریا کە دۆخی نائەمنی ئەو وڵاتەیان بەقازانجی خۆیان قۆستۆتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: وڵاتانی ناوچەکە حەز بە نائارامی و شەڕ ناکەن لەبەر ئەوەی سنووری خۆیان تووشی کێشە دەبێت. بۆ نموونە دوو وڵاتی هێندستان و پاکستان هەرکاتێک کێشە دەکەوێتە نێوانیان دەستبەجێ هەوڵ دەدەن بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن. بەڵام مەسەلەی سووریا تۆزێک جیاوازە و ئەو موسیبەتەی لە سوورا خولقاوە ئەنجامی ململانێ و بەرژەوەندیخوازیی زلهێزانی جیهانە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی قامیشلۆ دەشڵێت: زلهێزانی جیهان بەرپرسیاری سەرەکین لەو شەڕە نیابییەی لە سووریا ڕوو دەدات و تا ئەو کاتەی ئەو زلهێزانە لە سووریا نەکشێنەوە هەمان قەیران بەردەوام دەبێت.
عەبدولئیلا مستەفا ئاماژەی بە پێوەندیی نێوان تورکیا و ڕووسیا کرد و ڕایگەیاند: ڕووسیا و تورکیا پێوەندییێکی باشیان لەگەڵ یەکتر نییە. لەلایێکەوە لە ئەستانە خریکی گفتوگۆکردنن و لە لایێکی دیکەوە لە ئیدلیب هێزە نیابییەکانیان چەکیان بۆ یەکتر هەڵگرتووە. ئەوەش لە کاتێکدا تورکیا بە ڕووسیا ناوێرێت و هەوڵ دەدات بە ئیمتیازی ئابووری قەناعەت بە ڕووسیا بهێنێت و ئیدلیب و ئەو ناوچانە داگیر بکات.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە تورکیا ئێستا لە دووڕێیانێکی سەختدا گرفتار بووە. ئەگەر مووشەکی ئێس 400ی ڕووسی بکڕێت دەبێت واز لە کڕینی فڕۆکەی ئێف 35ی ئەمریکی بهێنێت و ئەگەر واز لە سیستەمی ئێس 400یش بهێنێت ئەوا ڕووبەڕووی ڕقی ڕووسیا دەبێتەوە.
Your Comment