وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا: کوردی سووریا 450 چه‌کداری فه‌ڕه‌نسیی داعشی ده‌ستگیر کردووه‌

به‌شی جیهان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: هێزی کوردی سووریا نزیکه‌ی 450 گومانلێکراوی فه‌ڕه‌نسیی داعشی ده‌ستگیر کردووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ژان ئێف لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا به‌ لیژنه‌ی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی ڕاگه‌یاند: "نزیکه‌ی 450 چه‌کداری فه‌ڕه‌نسی داعش له‌ ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆڵی كورده‌كان له‌ سووریا ده‌ستگیر كراون که‌ ژن و منداڵیان تێدایه‌ و له‌ که‌مپێکی کاتیدا ده‌ستبه‌سه‌رن."

ناوبراو وتیشی: فه‌ڕه‌نسا هیچ یه‌ک له‌ چه‌کدارانی فه‌ڕه‌نسیی داعش وه‌رناگرێته‌وه‌ و ته‌نها ڕێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه‌ هه‌تیوانه‌ ده‌دات که‌ دایکه‌کانی ڕه‌زامه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵه‌کانیان بۆ فه‌ڕه‌نسا ده‌رببڕن.

لۆدریان جه‌ختی کرده‌وه‌: ده‌بێ چه‌کدارانی داعش له‌ هه‌مان شوێن که‌ ده‌ستگیر کراون دادگه‌یی بکرێن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا باسی له‌وه‌ کرد که‌ هێشتا 100 هاووڵاتیی فه‌ڕه‌نسی دیکه‌ له‌ پارێزگای ئیدلبی سووریان و ئه‌و که‌سانه‌ سه‌ر به‌ سه‌ربزێوانی به‌رهه‌ڵستکاری ده‌وڵه‌تی سووریان.

هه‌روه‌ها فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ر ده‌رکردنی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی چه‌کدارانی فه‌ڕه‌نسیی داعش له‌ عێراق هاتۆته‌ده‌نگ و ئه‌و کاره‌ی ئیدانه‌ کردووه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ دادگه‌یی‌کردنی ئه‌و چه‌کدارانه‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا قبووڵ ناکات.

سه‌رچاوه‌: فڕانس 24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53983

Your Comment

You are replying to: .
captcha