کوردپرێس:
گۆنای یێڵدیز ڕاوێژکاری پێشووی کۆمیتەی پاڵێوراوی پەرلەمانی بەریتانیایە و هاوکات وەکوو توێژەری پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشەنتن کار دەکات و لە بابەتێکدا باسی بزووتنەوە کوردییەکانی عێراق و سووریا دەکات و دەڵێت لەو بوارەدا ململانێ و ڕکابەریی حیزبی بۆتە یەکەمایەتیی بزووتنەوە کوردییەکان بۆیە تەعامول و شێوازی ئێستای مامەڵەکردنی کورد لەگەڵ یەکتر بە زیانی کورد دەبێت.
یادداشتەکەی یێڵدیز گۆنای لە گۆڤاری "قاهیرە ڕیڤیۆ" بڵاو کراوەتەوە و لە یادداشتەکەیدا بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە سووریا بە دوو بەش دابەش دەکات و دەڵێت یەکیان بە پەکەکە سەرکردایەتی دەکرێت و ئەوی دیکەیان بە حیزبی پارتی لە هەرێمی کوردستان.
ناوبراو بڕوای وایە ئەو حیزبەی سەر پەکەکەیە ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنیی لەگەڵە و بەو بۆنەیەشەوە دەتوانین بڵێین حیزبێکی سیاسیی بەربڵاوترە بەڵام ئەوی دیکەیان کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە زیاتر بەحیزبی کراوە و دەتوانین بڵێین بزووتنەوەیێکی حیزبییە.
یێڵدیز هەورەهاش ئاماژەی بە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لە نێو هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت ململانێی نێوان ئەو دوو حیزبە هەرگیز بەقازانجی کورد نابێت.
ناوبراو دەشڵێت: زۆر دەبینرێت لە هەولێر دروشمی "بژی ئوجەلان" و لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاش دروشمی "بژی بارزانی" دەوترێتەوە.
ناوبراو دەشڵێت ڕکابەریی نێوان پارتی و پەکەکە چ لە هەرێمی کوردستانیش و چ لە سووریاش زۆر پەرەی سەندووە و بە وتەی گۆنای هەردوو لایەن هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکەیان دەدەن.
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە هەردوو لایەنی پارتی و پەکەکەش هەوڵیان داوە بۆ پێشخستنی مەرامی خۆیان پشت بە وڵاتانی بیانی ببەستن بەڵام دوو ڕووداوی تاڵ سەلماندی کە کورد هەمیشە هەڵەی لەوەدا بووە کە پشتی بە دەسەڵات و هێزی بیانی بەستووە.
گۆنای یێڵدیز ئاماژەی بە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کرد کە سەرەتای ساڵی 2018 ڕووی دا. ناوبراو دەڵێت هەموو ئەو وڵاتانەی خۆیان بە پشتیوانی کورد دەزانی لەبەرانبەر ئەو هێرشەدا بێدەنگ بوون و تورکیا بە گۆپی سەوزی ئەو دەسەڵاتە بیانییانە هێزی جووڵاند و ئەو ناوچە گرینگەی داگیر کرد بۆیە کورد تێگەیشت کە نابێت پشت بە وڵاتانی بیانی و بەتایبەت ئەمریکا ببەستێت.
ناوبراو ئاماژەی بە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانیش کردووە و دەڵێت: تورکیا زۆر پێوەندیی ئابووریی لەگەڵ کورد هەبوو و هەرگیز کورد بڕوای نەدەکرد پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی تورکیا لەگەڵ بەغدا دژی کورد ببێتە هاوپەیمان. بەڵام بینیمان تورکیا بە توندی دژایەتیی ئەو هەڵمەتەی کوردی کرد و هیچ وڵاتێک ڕێگریی لە هاتنی سوپای عێراق بۆ کەرکووک نەکرد. بۆیە کوردی عێراقیش گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە نابێت پشت بە هێز و دەسەڵاتی بیانی ببەستێت.
گۆنای ئەو دوو ئەزموونە تاڵەی عەفرین و کەرکووک بە عیبرەت بۆ کورد دەزانێت و دەڵێت زۆربەی ئەو شکستانەش هۆکارەکەی یەک نەبوون و ناتەبایی و ناکۆکیی نێوماڵی کورد بووە و تا ئەو کاتەی ئەو ململانێ و ڕکابەرییە حیزبییانە بەردەوام بێت مەعقوول نییە چاوەڕوانی دۆخێکی باشتر بۆ کورد بین.
Your Comment