کوردپرێس:
مەحموود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا هەڵوێستی حیزبەکەیی لەبارەی دەنگنەدانی یەکێتی بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند و گوتی: "ھەروەک ھەموو لایێک ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە ٣٠ـی ٩ـی ٢٠١٨ و، لەدوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانی ھەڵبژاردن و ئاکامەکانی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکان لە مانگی ١١ـی ٢٠١٨ـیەوە دەست پێ کرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە ھەر کەلێنێک لە پڕۆسەی پێکھێنانی دامودەزگە شەرعییەکانی ھەرێم بگیرێت. ھەروەھا لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێم ڕھەندێکی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی ھەموو لایەنەکانی کردووە و خەڵکی کوردستان و ھەموو لایەک شاھیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاکییەی پارتی دیموکراتی کوردستانن."
وتەبێژی فەرمیی پارتی لە درێژەی بەیانەکەیدا دەڵێت: "لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماکانی بەرپرسیارێتیی ھاوبەش لە جومگەکانی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و پڕۆسەی چاکسازی، لە ٤ـی ٣ـی ٢٠١٩ لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکمان ئیمزا کرد. ھەروەھا بۆ ڕەچاوکردنی پڕەنسیپی شەراکەت لە ٥ـی ٥ـی ٢٠١٩ ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئیمزا کرا لەسەر ئەو پشک و پێگانەی کە یەکێتی لە حکوومەتی داھاتووی کوردستان وەری دەگرێت."
پارتی زیادی دەکات: "ھەروەھا لە ڕێکەوتی ٤ـی ٣ـی ٢٠١٩ لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک ڕێککەوتین. بە جۆرێک کە ھاوتەریب لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگای کەرکووک بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی."
بەیاننامەکەی پارتی دەشڵێت: "لەدوای ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، ھەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریکردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕێک کەوتبوون. ھەروەھا سەربارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەنێوان سەرۆک بارزانی و بەڕێز کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی ھەبووە لەسەر دیاریکردنی کەسێکی کوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەکێتی پابەندی ئەو ڕێککەتنە بن. کەچی کاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەکردەیەکی یەکێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری کەرکووک بۆ ئێمە ناردووە کە ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتن و بەڵێنەکان بووە."
لە بەیاننامەکەی پارتیدا، یەکێتی بەوە تۆمەتبار کراوە کە ڕێککەوتنەکەی لەم قۆناغە هەستیارەدا پێشێل کرد و دەڵێت: "بە داخەوە برادەرانی یەکێتی بە بێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی ھەستیاری ھەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێککەوتنەکان کرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم نەبوون، ھەروەکچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێککەوتن کرد و بەشداری کۆبوونەوەی ١٨ـی ٢ـی ٢٠١٩ـی پارلەمانی کوردستان نەبوون."
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەرەتاوە تێگەیشتنی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی ھەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانکاری لەبەرانبەر یەکێتی گرتەبەر. ھەر ئەوەیش بووە ھۆی دواکەوتنی پێکھێنانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ئەو دواکەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی ھەرێم و پڕۆسەی سیاسی ھەبووە بە تایبەتی کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ھەستیاردا گوزەر دەکەن و پێویستیمان بە حکوومەتێکی بەھێز و ناوماڵێکی تەبا و یەکڕیز بۆ کوردستان ھەیە."
پارتی ئەو هەڵوێستەی یەکێتی بە خراپ دەزانێت و دەڵێت هەڵوێستەکەیان خزمەت بە بەرژەوەندیی کورد ناکات و ئەمەشی زیاد کردووە: "بەداخەوە پشتکردنی برایانی یەکێتی لە ڕێککەوتنەکان و ھەوڵدان بۆ کاتکوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەکات کە ھەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە کە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەک بخرێت و بە ئەنجام نەگات. لەگەڵئەوەیشدا پێمان وایە کە ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی ناکات و ھەستیاریی قۆناغەکە و چاوەڕوانیی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیات ئەوەمان لێ دەخوازێ کە پڕۆسەی پێکھێنانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام و کۆتایی."
Your Comment