یەکێتى: هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم بە بێ ئێمە تاکڕەوییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژى یەکێتى ڕایگەیاند هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم بە بێ ئێمە زەنگێکى گەورەیە بەرامبەر تاکڕەویى.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەتیف شێخ عومەر دواى هەڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانى بە سەرۆکى هەرێم لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکرد، هەرگیز لەگەڵ دوو ئیدارەییدا نین و یەکێتى بەرچاوى ڕوونە چ هەڵوێستێکى لە داهاتوودا دەبێت.

پێشتر مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، پارتى گرفتى بۆ جێبەجێ کردنى ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ یەکێتى دروست کردووە و پابەند نابێت پێوەى و فراکسیۆنەکەشیان بەشداری لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان نەکرد.

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لە نێوان پێنج کاندیددا نێچیرڤان بارزانى بە دەنگى ٦٨ پەرلەمانتار بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردرا.

دەقی راگەیەندراوەکە:

وه‌كوو ده‌زانن، له‌ماوه‌ی رابردوودا دوای گفتوگۆیه‌كی درێژ و چڕوپڕ و چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری خه‌ڵك و گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێگه‌یه‌ك له‌پێناو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییه‌تی كاركردن و داڕشتنی دیدگای هاوبه‌ش له‌باره‌ی پرسه‌كانی ناوخۆ و عێراق و ده‌وروبه‌ر، دوو رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد. رێككه‌وتنێكیان بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ناوخۆ و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به ‌عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌. رێككه‌وتنی دووه‌م له‌باره‌ی چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی جومگه‌كانی حكومڕانی و فه‌راهه‌مكردنی جۆرێك له‌ هاوسه‌نگیی له ‌ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كانە. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌پێناو به‌شداری راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كورستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی حوكمڕانی و بڕیاردان بوون.

له‌و رێككه‌وتنانه‌دا له‌گه‌ڵ پارتی، مه‌به‌ستمان بوو هه‌ماهه‌نگ بین و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له ‌كوردستان بۆ پێكهینانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌هێز و خاوه‌ن به‌رنامه‌ی چاكسازی و سه‌قامگیر. بیروباوه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان و ئیستحقاقی گه‌له‌كه‌شمان وای ده‌خواست به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له‌ به‌غدا و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌ركووكمان كرده‌ سه‌نته‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له ‌كێشه ‌و گرفته‌كانی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، مه‌به‌ستمان بوو پارێزگارێكی كورد له ‌یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان به ‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێرین و لانیكه‌م رێگه‌بگرین له‌ هه‌وڵی په‌لاماردان و ته‌عریبكردنی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و رێگربین له ‌هه‌وڵی جیبه‌جێكردنی سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی.

به‌ بڕوای ئێمه‌ حكومه‌ت ته‌نها پێكهێنانی كابینه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی دوانه‌یه،‌ ئه‌ویش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو دواكه‌وتنه‌ و پشوودرێژییه‌ی خەڵك و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نه‌ك نابیرێن، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركووك له‌ پشكی یه‌كێتی، (وه‌كو رێككه‌وتبووین له‌سه‌ری)، دروست ده‌كه‌ن.

له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ رای گشتی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و سیاسه‌تی پشتگوێخستن و تاكڕه‌وییه‌ ئاكامه‌كانی باش نابن و ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له‌ هه‌موو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كردمانن، گرفتمان دابه‌شكردنی پۆست و به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵكو پرسی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه ‌و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركووك بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و به‌شه‌ره‌فی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌جێندای گفتوگۆی ئێمه‌دا بوو، ده‌مانویست بەیه‌ك تیم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌مڕۆ به‌ئێوه‌ی راده‌گه‌ینین: پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا دروستكردووه‌ و پابه‌ند نییه‌ پێیانه‌وه‌، بۆیه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان ناكات.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌بێ ده‌نگی فراكسیۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌كو پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر و پێشهاتی تازەوە‌، ئەنجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ناواقعییانه‌ هه‌رچییه‌ك بێت، له‌ئه‌ستۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نییه‌ و ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53964

Your Comment

You are replying to: .
captcha