کوردپرێس: بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ى ئایار بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لە سەرەتاوە وەزارەتى ناوخۆ زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە هەبووە لە رێگەى فەرمانگەکانى پۆلیسى عەرەبى و نێودەوڵەتیی ئینتەرپوڵەوە تەواوى ڕێوشوێن و ڕێکارە یاساییەکانى گرتووەتەبەر، بۆ گەڕاندنەوەى داواکراوان بۆ بەردەم دادگاکانى عێراق.
ئاماژەى بەوەش کردووە، دواى بوونى زانیارى لەسەر دۆسیەکە وەزارەتى ناوخۆ لە ڕێگەى نووسینگەى ئەنتەرپوڵى بەغداوە نوسراوێکى بە ژمارە ٨٢٥٩ لە ٢١ى ئایار ئاڕاستەى ئەنتەرپوڵى بەیروت کردوە لە لوبنان، بۆ دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک، کە لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە تۆمەتى بەهەدەردانى سامانى گشتى بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە.
٢٥ى ئەم مانگە ڕۆژنامەیێکى لوبنانى هەواڵى دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم پارێزگارى پێشووى کەرکووکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەش کردبوو کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە هەوڵى ناردنەوەى ناوبراو دەدرێت بۆ هەولێر، بەڵام بەغدا هەموو هەوڵەکانی هەولێر ڕەت دەکاتەوە لەپێناو ئازادکردنی نەجمەدین کەریمدا و پێى وایە ناوبراو لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوە نەک دەزگای دادوەریی هەرێمی کوردستان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment