دەستگیر کردنی سەرکردە و ئەندامانی نەوەی نوێ سەرکوت کردنی دەنگی ناڕازییانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە دەستگیر کردنی سەرکردە و ئەندامانی نەوەی نوێ سەرکوت کردنی دەنگی ناڕازییانە بۆیەش بۆ ناڕەزایی دەربڕین بە دەستگیر کردنەکان خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن.

کوردپرێس: لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ماوەی ده‌ رۆژە شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌لایه‌ن ئاسایشی یه‌كێتیه‌وه‌ له‌ سلێمانی بەناڕەوا لە زیندانی تاکەکەسیدایە و بەهۆی مانگرتنیەوە لەخواردن باری تەندروستی ناجێگرە‌. ئەمە وێڕای ئەوەی ماوەی ٣٠ رۆژە ١١ خۆبەخشی تری جووڵانەوەکەمان بەبێ پارێزەر لەزیندانی تاکەکەسیدان".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌تیی گیانی شاسوار عه‌بدولواحید و خۆبه‌خشه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوەكانی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئاسایش و به‌رپرسانی گروپێکی ناو یه‌كێتی، به‌هه‌مو لایێكیشی راده‌گه‌ینێت چیدی ئه‌و هێرشە ناڕەوایە بۆ سەر‌ سه‌رۆک و خۆبه‌خشه‌كانی و به‌كارهێنانی ده‌زگا ئه‌منی و یاساییه‌كان بۆ ململانێی و ئینتیقامی سیاسی قبووڵ ناكات و هه‌موو رێكاره‌ مه‌ده‌نیه‌كان ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ رێگرتن و شه‌رمه‌زاركردنی پیلان و گه‌مه‌ ناشرینەکانیان له‌زۆنی سلێمانیدا به‌مه‌رامی كپكردنی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان و لاواز كردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ".

جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ دەشڵێت "ده‌ره‌نجام و هه‌ر روداوێكی نه‌خوازراویش ده‌خەینە‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی كه هیچ ‌مانا و به‌هایه‌كیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ ئازادیی كاری سیاسی و رێزگرتن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و دامەزراوە یاساییەکان".

ئەوەش خراوەتەڕوو "جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ داوا له‌سه‌رجه‌م ئازادیخوازان، یاسا ناس و مافپەروەران، داکۆکیکاران لە مافه‌كانی مرۆڤ، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان، پارته‌ سیاسیه‌كانی دەرەوەی دەسەڵات، رۆژنامه‌نووسان و كه‌سایه‌تیه‌ دڵسۆزه‌كان ده‌كات، ‌له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانەی سەر سه‌رۆكی هێزێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و خۆبه‌خشه‌كانی بێده‌نگ نه‌بن و به‌شداری ئەو چالاکیە جەماوەریە بن و هه‌ڵوێستی خۆیان دەرببڕن، چوونكه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌وان ‌ته‌نها به‌رگری كردن نیه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ و سه‌رۆک و خۆبه‌خشه‌كانی، به‌ڵكوو به‌رگری كردنه‌ له‌ ئازادیی كاری سیاسی و به‌ها یاسایی ومرۆییه‌كان و هەموو ده‌نگێكی ئازاو بوێر".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53936

Your Comment

You are replying to: .
captcha