پەیمانگای هادسۆن: مەسەلەی کوردەکان بەشێکی بچووکی ململانێی نێوان تورکیا و ئەمریکایە

بەشی جیهان- لە پەنێلێکدا کە لەبارەی ناکۆکیی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە پەیمانگای هادسۆن بەڕێوە چوو چاودێرانی سیاسی جەختیان کردەوە کە ناکۆکیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بنچینەی قووڵی هەیە و مەسەلەی کورد تەنها بەشێکی بچووکی ئەو ململانێیە ئەژمار دەکرێت.

کوردپرێس:

ئەگەرچی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پاش ئەوەی ئەمریکا پشتگیریی کوردی سووریای کرد ئەو مەسەلەیە بووە هۆی سەرهەڵدانی هەندێک ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەڵام ئەو دوو وڵاتە لە سەر کۆمەڵێک مەسەلەی دیکەش ناکۆکن بۆ نموونە بابەتی کڕینی سیستەمی مووشەکیی ئێس 400 کە ئەنقەرە بەنیازە لە مۆسکۆی بکڕێت یان خود مەسەلەی ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لەلایەن ئەمریکاوە و کۆمەڵێک بابەتی دیکەش کە بوونەتە هۆی ململانێی نێوان ئەنقەرە و واشەنتن.

بەشداربووانی پەنێلەکە ئاماژەیان بەوەش کرد کە ڕادەستنەکردنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 لەلایەن ئەمریکاوە تاکە داڵغەی تورکیا نیە. ئەنقەرە داوای ڕادەستکردنی فەتحوڵا گولەنیش دەکات لەبەر ئەوەی گوتوویەتی دەیەوێت بکەری کوودەتاکەی 2016 بدۆزێتەوە.

سوانت کۆرنڵ توێژەری پەیمانگای ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا لەو پەنێلەدا ڕایگەیاند مەسەلەی گولەن بەڕای دەوڵەتی ئێستای تورکیا لە سەرووی هەموو نیگەرانییەکانەوەیە کە گەورەترین خاڵی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیایە.

هەر لە پەنێلەکەدا لیزل هینتز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جۆنز هاپکینز لەبارەی مەسەلەی کوردەکانەوە ڕایگەیاند یارمەتیی ئەمریکا بۆ کوردەکانی سووریا پاش سەرهەڵدانی داعش و پەیامە دژبەیەکەکانی واشەنتن لەو بارەیەوە بە ئەنقەرەی داوە بۆتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا.

ناوبراو گوتیشی: ئەمریکا پشتیوانیی سەربازیی بۆ کوردی سووریا ناردووە ئەوەش لە کاتێکدایە تورکیا کوردەکانی عێراقیش و تورکیاش و سووریاش بە تیرۆریست دەزانێت.

هینتز ئاماژەی بە پەیامە دژبەیەکەکانی ئەمریکا لەبارەی کوردی سووریاوە کردووە و دەڵێت: ئەمریکا جارێک دەڵێت ئێمە هێزەکانمان لە سووریا دەکشێنینەوە جارێکی دیکە دەڵێت لە سووریا دەمێنینەوە و جارێکی تر دەڵێت ئەو چەکانەی بە کوردمان داوە لێیان دەسێنینەوە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ جەختیشی کردەوە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی ئەردۆغان هەست بکات ئەمریکا خەیانەتی لە تورکیا کردووە.

ناوبراو دەشڵێت ڕیشەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا زۆر بنی کوتاوە و بەو ئاسانییە چارەسەر نابێت.

ئەنجامی گفتوگۆی چاودێرانی سیاسی لەو پەنێلەدا ئەوە بوو کە ساڵی 2023 خولی سەرۆکایەتیی ئەردۆغان لە تورکیا کۆتایی دێت و هەڵبژاردنی نوێ بەڕێوە دەچێت و نابێت تا ئەو کاتە چاوەڕێی هیچ گۆڕانکارییێک بکەین.

News Code 53903

Your Comment

You are replying to: .
captcha