کوردپرێس:
کازم فاروق سه‌رۆکی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی کوردستان به "ئێن ئاڕتی"ی گوت: هه‌فته‌ی ڕابردوو شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له دادگای سلێمانی ئاماده بوو و دادگه حوکمی ده‌ستگیرکردنی ناوبراوی ده‌کرد و ئێستاکه زیاتر له 6 ڕۆژه له زیندانی تاکه‌که‌سیدایه و باری ته‌ندروستییه‌که‌ی ناجێگیره و مانی له خواردن گرتووه.
سه‌رۆکى فراکسیۆنی نه‌وه‌ى نوێ له په‌رله‌مانی کوردستان گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له سلێمانی به‌رامبه‌ر به سه‌رۆک و ئه‌ندامانی گه‌وره‌ترین هێزی ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجام ده‌درێت، سووکایه‌تییه به هه‌موو به‌هاکانی دیموکراسی و ناشرین کردن و له‌که‌دارکردنی ڕووی جوانی شاری سلێمانییه که به شاری ڕۆشنبیری و فره‌ده‌نگوڕه‌نگ و ڕای جیاواز ناسراوه."
ئه‌وه‌شی وتووه "کاتی ئه‌وه‌یه که هاووڵاتییان و ڕۆشنبیران و دادوه‌ره‌کان و یاساناسان و ڕۆژنامه‌نوسان و مامۆستایان و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی‌تر ئه‌م سووکایه‌تییه قبووڵ نه‌که‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن ده‌نگه ئازا و بوێره‌کان کپ بکرێت."
ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه حه‌وت ڕۆژ به سه‌ر ده‌ستگیرکردنى شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ تێپه‌ڕی و کاردانه‌وه‌کانى ده‌ستگیرکردنه‌که‌ش به‌رده‌وامن.
له چوارچێوه‌ی کاردانه‌وه‌کاندا حزب و ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانتاران و چاودێرانى سیاسی باسی ئه‌وه ده‌که‌ن ده‌ستگیرکردنى سه‌رۆکى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ و ئه‌ندامانیان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ى هێنده‌ى دیکه ھاووڵاتییان متمانه‌یان به جێبه‌جێ کردنی یاسا که‌متر ببێته‌وه.
30 ڕێکخراوی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا که بۆ لایه‌نه فه‌رمی و په‌یوه‌ندیداره‌کان و ڕای گشتی و سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانیان ناردووه ڕایانگه‌یاند که خوازیار بوون ساڵ له دوای ساڵ فره‌یی سیاسی و ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ده‌نگ و وجوودی ئۆپۆزسیۆنانه که دیارده و ڕواڵه‌تێکی دیموکراسی و خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئاشتییانه‌ی سه‌رده‌مه بره‌و بسێنێت و ڕێچکه‌ی دروستی خۆی بگرێته‌به‌ر به‌ڵام وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن به‌داخه‌وه پێشێلکاریی گه‌وره و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه له بواره مه‌ده‌نییه‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌وێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment