کوردپرێس:
حەمید سەمەدی تەمەنی 27 ساڵە و ئومێد زەندی تەمەنی 36 ساڵە. دەمێکە هاوڕێی یەکن و داهنێنانی جوان لە مێشکیاندایە بەڵام کەس پشتگیریی نەکردوون.
ئەو دوو هاوڕێیە شۆفڵێکی هەتاوییان بەرهەم هێناوە کە ئایدیا و تێچوو و ئەرکی داهێنان و بەرهەمهێنانی هەر هەمووی لە ئەستۆی خۆیان بووە و گلەییی ئەوەش دەکەن کە کەس پشتگیرییان ناکات ئەگەرچی ئەو ئامێرەی دروستیان کردووە زۆریش بەسوودە.
شۆفڵەکەی حەمید و ئومید ناوی "هێزی کوردستان"ە. هێزی کوردستان ئەگەرچی بە جەستە بچووک دەردەکەوێت بەڵام توانای زۆر سەیری هەیە. یەک تەن بەرز دەکاتەوە و دەتوانێت پاڵ بە دوو تەنەوە بنێت و لەگەڵ ئەوەش هیچ دەنگێکی نییە.
هێزی کوردستان بە تیشکی هەتاو شەحن دەبێتەوە و لەو شوێنانەدا کە تیشکی هەتاویش کەم بێت بە کارەباش شەحن دەکرێت.
داهنێانەکەی ئەو دوو برادەرە کوردە لە بەشی پیشەیی و جووتیاری و تەنانەت خۆمەتگوزاریی شاریشدا بەکەڵک دێت و نموونەی لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتیش تا ئەم کاتە دروست نەکراوە.
حەمید و ئومید دەڵێن: "ساڵی 1396ی هەتاوی بۆ پەردەلادان لەم داهنێانەی ئێمە زانکۆی ئازادی شاری سنە بەناوی خۆیەوە خەڵکی کۆ کردەوە و ڕەسمیان گرت و کە شانازی کردنەکانیان تەواو بوو وازیان لە ئێمە هێنا و لەو ڕۆژەشەوە تا ئێستا کەس باسی ئێمەی نەکردووە و هیچ پشتگیرییێکمان لێ نەکراوە."
حەمید و ئومید خاوەنی شاری یارین لە سنە. ئایدیای داهنێانی ئەو شۆفڵەش لەوێوە دەستی پێکرد کە ئەو دوو برادەرە ویستیان شۆفڵێکی منداڵانە بۆ یاریی منداڵان و خۆڵەپۆتێ کردن دروست بکەن بەڵام بینییان کە بە هەمان ئایدیا دەتوانن نموونەیکی گەورەتر و پیشەیی دروست بکەن کە بەکەڵکی زۆر خزمەتگوزاری دێت. بۆیە لەو حەجمەدا ئەو داهێنانەیان کرد و بە وتەی خۆیان 14 ملوێن تمەنی تێدا سەرف کراوە و ئومید لە ڕووی ناچاری پارەی قەرزی زەماوەنەکەی لەو شۆفڵەدا سەرف کردووە.
بە وتەی ئەو دوو داهێنەرە کوردستانییە تا ئەم کاتە کەس ئامادە نەبووە لە بارەی داراییەوە پشتگیرییان بکات ئەگینا داهێنانەکەیان سەرکەوتوو دەبێت دەتوانن لە حەجمی فراواندا بەرهەمی بهێنن. بۆیە داوایان لە هەموو تاک و ڕێکخراو و بەرپرسی حکوومی و سەرمایەدانەر و هەموو کەسێک کردووە ئەوەی دەیەوێت داهنێانەکە تاقی بکاتەوە پێوەندییان پێوە بکات و یارمەتییان بدات ئەو شتانەی بە مێشکی ئومید و حەمیددا دێت بێنە بەرهەم. ئەوەش هەردوو سەر قازانج دەبێت چ بۆ سەرمایەدانەر و چ بۆ ڕەخساندنی هەلی کار. چوونکە بەوتەی ئەو دوو داهێنەرە ئەگەر کەس ببێت پشتگیرییان بکات دەتوانن لە ڕێژەی فراواندا داهێنانەکانیان بەرهەم بهێنن و هەلی کار بۆ زۆر کەس بڕەخسێنن و لەگەڵ ئەوەش داهاتی باش دەستی ئەو کەسە دەکەوێت کە سەرمایەی بۆ کارەکە تەرخان کردووە.
Your Comment