به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه له تورکیا ڕاگه‌یێندرا که پارێزه‌رانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیکراوی په‌که‌که پاش 8 ساڵ توانیویانه دیدار و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناوبراو بکه‌ن. پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان ڕایانگه‌یاند که نه‌ک هه‌ر توانیویانه له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان گفتوگۆ بکه‌ن به‌ڵکوو هه‌ڵگری په‌یامێکی ڕێبه‌ری زیندانیکراوی په‌که‌که بۆ لایه‌نگران و هێزی کوردی سووریا بوونه که تورکیا ئه‌وان سه‌ر به په‌که‌که ده‌زانێت.
عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ئامۆژگاری به کوردی تورکیا کردووه که کۆتایی به چالاکیی مانگرتن تا مه‌رگ بۆ ئازادکرانی ناوبراو بهێنن و له ئێستادا که کوردی سووریا نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریای به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا بۆته‌وه به‌وانیش هۆشداری داوه نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له‌به‌رچاو بگرن و له ڕێگای ئاشتیانه‌وه موناقیشه له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵکردنی باکووری سووریا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
زۆربه‌ی شرۆڤه‌کاران به‌شی دووهه‌می په‌یامه‌که‌ی ئۆجه‌لان به نیشانه‌ی مه‌یل و خواستی تورکیا بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ کوردی سووریا له ڕێگای ئۆجه‌لانه‌وه شی ده‌که‌نه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی لۆس ئانجلێس تایمزی ئه‌مریکا له ڕاپۆرته‌که‌یدا نووسیی: ژماره‌یێک له به‌رپرسانی کوردی سووریا ڕایانگه‌یاندووه که له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئاسایش و هه‌واڵگریی تورکیا کۆ بوونه‌ته‌وه و ئه‌وانیش پاش دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کوردی سووریا سه‌ردانی ئیمرالییان کردووه و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان کردووه.
ئه‌م ڕۆژنامه‌یه ده‌نووسێت: ئه‌م دیدارانه له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان له‌سه‌ر پرسی کوردی سووریا و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ناوبراو نفووزێکی زۆری له باکووری سووریا هه‌یه جێگای سه‌رسوڕمان نییه.
غالب دالای توێژه‌ری کاروباری تورکیا له زانکۆی ئاکسفۆرد پێی وایه هێشتا ئۆجه‌لان پاش تێپه‌ڕبوونی 20 ساڵ له زیندان تاکهقیادهی کوردی تورکیا و سووریایه.
ناوبراو به لۆس ئانجلێس تایمزی ڕاگه‌یاندووه که وه‌سفکردنی ئۆجه‌لان به‌م مانایه نییه که ڕێکخراوی په‌که‌که به بێ چلۆنایه‌تی په‌یڕه‌وی له ناوبراو ده‌کات؛ ڕێکخراوه کوردییه‌کان به ئاشکرا ناتوانن بڕیاره‌کانی ناوبراو قبووڵ نه‌که‌ن.
ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری تورکیا ئاماژه به‌وه ده‌دات که ده‌رکردنی فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی په‌یامه‌که‌ی ئۆجه‌لان به مانای خواستی ئه‌نقه‌ره‌یه بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان و ده‌شڵێت: هێشتا هیچ بڕیارێک نه‌دراوه به‌ڵام تورکیا و ئۆجه‌لان ده‌ڵێین ده‌مانهه‌وێت ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش تاقی بکه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌نجامێکی ئه‌رێنی بوو ئه‌وکات به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ین.
ته‌ییب ته‌مه‌ل نوێنه‌ری حیزبی دیموکراتی گه‌لان له تورکیا که ڕۆژی 8ی مارچ تاکوو ئێستا به‌بۆنه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان چالاکیی مانگرتن له خواردنی ده‌ست پێکردووه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دایه که زیندانیکردنی ئۆجه‌لان به مانای په‌کخستنی پرسی کورده و یه‌کێک له ڕێگاکانی چاره‌سه‌رکردنی بابه‌ته‌که گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ که‌سێکه که سه‌رکردایه‌تیی ئه‌م بابه‌ته‌ی له تورکیا کردووه.
لۆس ئانجلێس تایمز نووسیی: ئه‌زموونی داخوازیی ئۆجه‌لان بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێگای ئاشتی له‌جیاتی شه‌ڕی سه‌ربازی پڕۆسه‌ی ئاشتیی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیای بووژانده‌وه به‌ڵام به بۆنه‌ی ڕووداوه‌کانی سووریا و ده‌ست پێکردنی پێشڕه‌ویی هێزی کوردی سووریا -که ئایدیاکانی ئۆجه‌لان کارتێکهرییێکی به‌رفراوانی له‌سه‌ریان هه‌یه- پڕۆسه‌که له‌ناو چوو.
هه‌ندێک له تورکیا پێیان وایه که ئۆجه‌لان نفووزی خۆی له‌سه‌ر میلیشیا کورده‌کان له سووریا و تورکیا له‌ده‌ست داوه. هه‌لال کاپلان گۆشه‌نووسی ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی سه‌باحی تورکیا به لۆس ئانجلێس تایمزی وتووه: که‌مبوونه‌وه‌ی نفوزی ئۆجه‌لان له‌سه‌ر کوردی سووریا و تورکیا به بۆنه‌ی ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی په‌که‌که‌یه له ئامۆژگارییه‌کانی ئۆجه‌لان و پێشێلکردنی ئاگربڕی 2013ی تورکیا که به‌ستێنه‌که‌ی له‌لایه‌ن ئۆجه‌لانه‌وه فه‌راهه‌م کرا. ناوبراو له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دایه که سیاسه‌توانانی تورکیا پێیان وایه ئۆجه‌لان هێز و ده‌سه‌ڵاتێکی له‌سه‌ر په‌که‌که نه‌ماوه.
ژماره‌یێکی دیکه وه‌ک ئیبراهیم کاراتاش گۆشه‌نووسی ڕۆژنامه‌ی ینی ئاکیت پێی وایه که ئۆجه‌لان خوازیاری ئاشته‌وایی نییه و ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی که به‌دواداچوونی پڕۆسه‌ی ئاشتی هیچ ئه‌نجامێکی لێنه‌که‌وتۆته‌وه و ئاشکرا نییه که ئه‌م جاره‌ش به‌ره‌وڕووی شکست نه‌بێته‌وه. ئامۆژگاریی ناوبراو ئه‌مه‌یه که ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌م ئه‌زموونه شکستخواردووه دووپات نه‌کاته‌وه چوونکه به وته‌ی ناوبراو پڕۆسه‌ی ئاشتی هیچ ده‌ستکه‌وتێکی بۆ تورکیا به‌دواوه نییه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment