بەپێی هەواڵی کوردپرێس عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پرێس کونفڕانسی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بە دوا پێشهاتی ناوچەکە و بەتایبەتی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی پێیانڕاگەیاندوون نیازی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیان نیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "ئێستا لە قۆناغی گەیاندنی پەیامەکانداین و عێراق هەوڵ دەدات بە باشی دەوری نێوانگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا بگێڕێت و ئەوەش لەپێناو خزمەت کردن بە ئاشتەوایی و ئارامیی ناوچەکە دەبێت.
عەبدولمەهدی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە هیچ لایەنێکی عێراقی هانی ئەمریکا و ئێرانی نەداوە بۆ شەڕکردن و نێوانگیرییەکەیان بێلایەنانە و لەپێناوی بەرقەرارکردنی ئاشتییە لەناوچەکەدا.
ناوبراو هەروەهاش ئاماژەی بە سەردانەکەی خۆی بۆ وڵاتی کوەیت کرد کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەمە 22ی ئایار ئەنجام ببێت و لەو بارەیەشەوە گوتی ئامانجی سەردانەکە بۆ کوەیت تاوتوێ کردنی دوا ڕەوشی ناوچەکە و دیدارکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بۆ چارەکردنی کێشە هەرێمییەکان دەبێت.
Your Comment