نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگرى سه‌رۆکوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر کۆبووەوە

بەشی تورکیا- لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆکوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ هه‌ينى 11-3-2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌کى به‌رچاوى سه‌رکرده‌کانى جيهان، به‌شدارى له‌ کۆڕبه‌ندى ديپلۆماسيى ئەنتاڵيادا کرد و ئاماده‌ى رێوڕه‌سمى کردنه‌وه‌ى کۆڕبه‌نده‌که‌ بوو.

لەمبارەوە لە راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: لە په‌راوێزى کۆڕبه‌نده‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى، ديدارێکى له‌گه‌ڵ شێخ محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆکوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر ئه‌نجام دا و دوايين پێشهاته‌کانى دۆخى ئۆکراينا و کاريگه‌رييه‌کانى شه‌ڕ و لێکه‌وته‌کانى، په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى ئه‌فغانستان و ناوچه‌که‌يان به‌گشتى تاوتوێ کرد.

شایانی باسە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە دووەم کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا گەیشتە ئەو شارە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌ په‌راوێزى کۆڕبه‌نده‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى بۆ گفتوگۆ لەباره‌ى دوايين پێشهاته‌کان و بابه‌تى هه‌نووکه‌يى، چه‌ند ديدار و کۆبوونه‌وه‌يه‌ک ئه‌نجام ده‌دات.

کۆڕبەندەکە لەژێر ناونیشانی "داڕشتنەوەی دیپلۆماسی" بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایەنێت لە رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

له‌ رێوڕه‌سمى کردنه‌وه‌ى کۆڕبه‌نده‌که‌دا هه‌ر يه‌ک له‌ ره‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆککۆمارى تورکيا، مه‌ولوود چاوشئۆغڵو، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى تورکيا و ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس سکرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان گوتاريان پێشکه‌ش کرد و تيشک خرايه‌ سه‌ر‌ ئاڵەنگاری و کێشه‌کانى جيهان، شه‌ڕ و پێکدانانى رووسيا و ئۆکراینا، دۆخى مرۆيى له‌ ئۆکراینا، رۆڵى ديپلۆماسى و هه‌وڵه‌کانى چاره‌سه‌رى و کۆتاييهاتنى شه‌ڕ و پێکدادان، گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و گفتوگۆکانى ڤييه‌نا.

News Code 5376

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha