بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەریەک لە مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ڕێکخەری ژووری ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان و عبدالرحمن عبدوللە ئەندامی جڤاتی گشتی و عبدوللە حەبیب و لەتیف فاتیح فەرەج ئەندامانی ژوری ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بارودۆخی کەرکووک گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و ھەڕەشەلەسەر خاک و خەڵکەکەی دروست بووە، ئەوەش بەھۆی ھەڵەی پارتی و یەکێتی و بێ هەڵوێستی لایەنەکانی تر".
لە ڕاگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە لەسەروبەندی ڕێکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین پێشنیازیان داوەتە جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتیی گۆڕان بۆ ئەوەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەشێکبن لە ئەجێندای کابینەی نوێ، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.
ئەوەش خراوەتەروو "پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی سەرکردایەتی ئێستای لەسەر راستەڕێی خۆی لایداوە، کە لەپێناویدا دامەزرا کە بریتیبوو لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی ودژایەتی کردنی گەندەڵی و پیادەکردنی سیاسەتێکی کوردستانی بەرانبەر کەرکووک و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان و ھێنانەکایەی سیستەمێکی پارلەمانی، لایەنی کەم ھاوشێوەی بەغدا و دوورکەوتنەوە لە سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵەیی، و چاوەروان دەکەین بزووتنەوەکە بەرەو ھەڵدێری گەورەتر بەرن".
ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکانی گۆڕان ئاشکرایان کرد: "دوای بێ ھیوابوونمان لە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارمان دا دەست لە کاربکێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لە سەر ئەرک و کاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ھێنانە دی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێ بووە و ئاماژەمان پێ کرد، بە تایبەتی سیاسەتێکی کوردی و کوردستانی بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانیە دایڕێندراوەکان".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment