نێوانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەم گەڕاڵییەی ئەمریکییەکان ناشێوێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مورتەزا عەبادی کونسووڵی ئێران لە هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو ڕابردوو شەریکێکی متمانەپێکراوی ئێران دەبێت و هیواشی خواست کابینە نوێیەکەی حکوومەتی هەرێم زووبەزوو تەواو بکرێت.

کوردپرێس:

مورتەزا عەبادی کونسووڵی ئێران لە هەولێر گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و لەو دیمانەیەدا تیشکی خستۆتە سەر پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە کوردپرێسی وتووە: زۆر خاڵی هاوبەشی فەرهەنگی و مێژووی و هەروەهاش سنووری درێژی هاوبەش لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەیە کە 7 دەروازەی بازرگانی لە خۆ دەگرێت و کاڵای ئێرانی بە نرخێکی کەم و کوالێتییێکی بەرز دەگاتە دەستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئەوەش خاڵێکی بەهێزی پێوەندییەکانی نێوان دوو لایەنە و دەرفەتێکی بێ بەدیل بۆ بارزگانیی زیاتری نێوان هەردوولا دەڕەخسێنێت. بەپێی داتاکانیش نزیکەی سەدا 40ی کۆی بازرگانیی سنوورەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەبێت. بەو شێوەیەش ڕێژەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی 1397ی هەتاویدا ڕێژەیێکی باش بوو و کار کراوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێژەیەش فراوانتر بکرێت.

عەبادی گوتیشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە فراوانکردنی پێوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران کردووە و کاڵا ئێرانییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمدا جێی خۆی کردۆتەوە و نەمانی کاڵا ئێرانییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تێچووەکان لە سەر هاووڵاتییان و حکوومەت زیاد دەکات بۆیە ئاسایییە ئەگەر بەرپرسانی هەرێم بەپێی بەرژەوەندیی خەڵکەکەی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە کەڵک وەربگرن.

ناوبراو زیادی کرد: بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مکووڕن لەسەر دەوڵەمەندکردنی سنوورەکانی برایەتی و ئاشتی لەگەڵ ئێران و چەندین جاریش ئامادەییی خۆیانیان ڕاگەیاندووە بۆ ئەوە بازاڕچە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکرێن بە شەوانەڕۆژی. بەڵام بەداخەوە نەک هەر پێشوازی لە پێشنیازەکەی هەرێم نەکرا بەڵکوو کۆمەڵێک کاری نامونەزەم لە خاڵە سنوورییەکان وای کرد لایەنی عێراقی ناڕەزا بێت و بازرگانانی هەردوولا زەرەری زۆریان کرد.

کونسووڵی ئێران لە هەولێر هەر لەو بارەیەوە زیادی کرد:داخرانی یەک لە دوای یەکی دەروازە سنوورییەکان بە بیانووی پشووەکانی هەفتەوە یان بە بیانووی پشووی فەرمی لە ئێران بۆتە هۆی ناڕەزاییی لایەنی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوە نیە کە لە ڕۆژانی هەینی و پشووە فەرمییەکانی ئێراندا مەرزەکان دابخرێن. بەڵام بەداخەوە ئاوڕ لەو مەسەلەیە نادرێتەوە بۆ نموونەش مەرزی کێلێی سەردەشت کە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 140 ملوێن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لێوە ئەنجام درابوو بەبۆنەی پشووەکانی نەورۆزی ساڵی 1398وە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بۆ ماوەی دوو هەفتە پەک خست.

پاش ئەوەی خولی دووهەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد واشەنتن چەندین شاندی سیاسی و ئابووری و سەربازیی ناردە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەوڵی دا کارتێکەریی خراپی لە سەر پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەبێت. عەبادی لەبارەی ئەو هەوڵانەی ئەمریکاوە بە کوردپرێسی وت: پێوەندیی سیاسی و فەرهەنگی و ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان پێوەندییێکی قووڵ و هەمەلایەنەیە و لە سەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر دامەزراوە و بەرژەوەندی و قازانجی هەردوولای تێدایە و ئەو پێوەندییەش بەدیلی نیە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش چەندین جار ئەو بابەتەیان بە ئەمریکییەکان وتووە. لایەنی ئەمریکیش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا پێبەندی سزا ملهوڕانەکانی ئەمریکا نابێت و سەردانەکانی ئەو شاندە ئەمریکییانەش سوودی نابێت. ئەمریکییەکان لەم سەردانانەیاندا بازرگانان و چالاکانی ئابووریی هەرێمیان کردۆتە ئامانج و هەوڵ دەدەن بە شەڕی دەرونییانە وای بنوێنن کە بازرگانی کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان نائەمنە و بەو شێوەیەش پاشەکشە بە بازرگانانی هەردوو لا بکەن بەڵام ئەو گەڕاڵییەی ئەمریکا سوودی نابێت و کارتێکەر نابێت لە سەر پێوەندیی هەمەلایەنەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

کونسووڵی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بە هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: کابینەی ئێستاش و هاووڵاتییانی هەرێمیش قۆناغێکی سەختیان تێپەڕاندووە بەتایبەتی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی قۆناغێکی دژوار بوو کە هەرێمی کوردستان تێیپەڕاند. لەو کاتەدا کۆمەڵێک خزمەتگوزاری و پڕۆژەی ئاوەدانکاری پەکی کەوت. کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی لە هەلێکی باشدا دەست بە کارەکانی دەکات بۆیەش هاووڵاتییانی هەرێم ئاستی چاوەڕوانییەکانیان زیاتر بەرز بۆتەوە و پێشبینی دەکرێت حکوومەتی نوێی هەرێم بتوانێت چاکسازیی ئابووری و سیاسی بکات بە بنەمای کارەکانی خۆی و هەوڵ بۆ خزمەت کردن بە پراکتیکێکی سەردەمییانە بدات. ئێرانیش بێگومان وەکوو خولەکانی پێشووتر شەریکێکی متمانەپێکراو بۆ ئەو حکوومەتە دەبێت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 53716

Your Comment

You are replying to: .
captcha