کوردپرێس:
نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق بڵاوی كرده‌وه که ڕۆژی چوارشه‌ممه 15ی ئایاری 2019 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا چاوی كه‌وت به حه‌سه‌ن عومه‌ر نێرده‌ی پادشای سعوودیه و سه‌رۆک كۆماری عێراق بانگهێشتنامه‌یێكی فه‌رمی له شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای سعوودیه‌وه پێگه‌یشت بۆ به‌شداری كردنی له كاره‌كانی كۆنگره‌ی لووتكه‌ی ئیسلامی له شاری مه‌ككه له كۆتاییی ئه‌م مانگه‌دا.
سه‌رۆک كۆمار له میانی دیداره‌كه‌دا ئاماژه‌ی به سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی عێراق به ڕووی وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان به‌گشتی كرد و هاوكات په‌یوه‌ندی و ئاستی هاریكاری نێوان عێراق و سعوودیه‌ی به‌رز نرخاند به جۆرێک كه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات بكات.
لای خۆیه‌وه حه‌سه‌ن عومه‌ر نێرده‌ی شای سعوودیه هیوای ئارامی و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنی بۆ گه‌لی عێراق خواست و جه‌ختی له پشتیوانی كردنی عێراق و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات كرده‌وه.
سه‌رچاوه: ڕادیۆ نه‌وا
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment