ئه‌مریکا ژماره‌ی کارمه‌نده‌کانی له‌ به‌غدا و هه‌ولێر که‌م ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مریکا داوا له‌ به‌شێک له‌ کارمه‌ندانی له‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق و کۆنسووڵخانه‌ی هه‌ولێر ده‌کات عێراق جێبێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌مریکا.

کوردپرێس:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2019 باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ عێراق له‌ ڕاگه‌یێندراوێکیدا ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا فه‌رمانی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ عێراق به‌و کارمه‌ندانه‌ ده‌کات که‌ کاری پێویستیان له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا و کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر نییه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌‌غدا خزمه‌تگوزاری ڤیزه‌ی ئاسایی هه‌م له‌ باڵیۆزخانه‌ و هه‌میش له‌ کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا به‌ شێوه‌یێکی کاتی ڕاده‌گیرێت.

هاوکات له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ حکوومه‌تی ئه‌مریکا تواناکانی سنووردارن بۆ پێشکه‌ش کردنی خزمه‌تگوزاری به‌په‌له‌ به‌ هاووڵاتییانی ئه‌مریکا له‌ عێراق.

پێشتریش باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ ڕاگه‌یێندراوێکی دیکه‌یدا داوای له‌ هاووڵاتییانی ئه‌مریکا کردبوو خۆیان له‌ گه‌شتکردن بۆ عێراق به‌ دوور بگرن و هاوکات داواشی له‌و ئه‌مریکیانه‌ کردبوو که‌ له‌ عێراقن پێویسته‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ بجووڵێنه‌وه‌.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2019 فه‌رمانده‌ییی ناوه‌ندیی سوپای ئه‌مریکا له‌ ڕێگای به‌یاننامه‌یێکه‌وه‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراق به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌ی گریمانه‌کراوی نێوان ئێران و ئه‌مریکا به‌ته‌واوه‌تی خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌.

سه‌نتکام که‌ فه‌رمانده‌ییی گشتیی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ندی له‌ئه‌ستۆدایه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌یدا ئیدعای کردووه‌ که‌ هه‌ندێک زانیاریی ئه‌منیی متمانه‌پێکراو له‌ ده‌ستی داموده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌م وڵاته‌دایه‌ که‌ باس له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کات.

فه‌رمانده‌ییی ناوه‌ندیی سوپای ئه‌مریکا ئیدعای کرد که‌ زانیارییه‌کان له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌مزووانه‌ی ئێران دژی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق بوونه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش سه‌رجه‌م هێزه‌کانی جێگیرکراوی ئه‌مریکا له‌ ناو خاکی عێراق و سووریا به‌ته‌واوه‌تی بخرێنه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ و ڕێوشوێنی پێویستیش بگیردرێته‌به‌ر.

سه‌رچاوه‌: به‌شی عه‌ره‌بیی هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=45802

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53689

Your Comment

You are replying to: .
captcha