کوردپرێس:
پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوو لە تەواوبوونە و مەسەلەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن هەولێرەوە بە حکوومەتی بەغدا ئەوەش بە پێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەنگوباسی زیاتری لێ بڵاو دەبێتەوە و بۆتە مانشێتی میدیا و کۆڕە سیاسییەکانی هەرێم.
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی حکوومەتی نوێی هەرێم بە مەسروور بازرانی دەدرێت کە ئەندامی مەکتەب سیاسیی پارتییە و پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمیش دەدرێت بە نێچیرڤان بارزانی کە جێگری سەرۆکی ئەو حیزبەیە.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەم دابەشکردنەی دەسەڵات لە نێوان مەسروور و نێچیرڤان بارزانی تەگبیری مەسعوود بارزانی بووە و مەبەستی لەو دابەشکردنەش ئەوە بوو کە هاوسەنگیی دەسەڵات لە نێوان هەردوو سەرکردە گەنجەکەی حیزبەکەیدا بپارێزێت.
لە لایێکی دیکەشەوە ململانێی ژێربەژێر دوو ئامۆزا لە سەر زارانە بەڵام هەژموونی و هەیبەتی مەسعوود بارزانی تا ئێستا ئیزنی نەداوە ئەو کێشەیە ئاشکرا ببێت.
ماڵپەڕی شارپرێس لە هەرێمی کوردستان نووسیویەتی مەسعوود بارزانی ب سەربەخۆیی و نێچیرڤان بارزانی بۆ ململانێ داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا ناکەن ئەگەرچی پێشتر ڕێککەوتنیش لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە کە نەوتی هەرێم ڕادەست بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەی شارپرێسدا نووسراوە پارتی تا ئەم کاتەش ئامادە نیە نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکات بۆیە نیگەرانیی ئەوە دروست دەبێت کە بەغدا بودجە مووچەی هەرێم نەنێرێت.
لەم یادداشتەدا دوو هۆکاری سەرەکیی ڕادەستنەکردنی داهاتی نەوتی هەرێم بە بەغدا خراوەتە بەردەست. یەک لەو هۆکارانە ململانێ و ناکۆکیی نێوماڵی پارتییە.
ڕاپۆرتەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەش دراوە تا ئەم کاتەش دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە دەست نێچیرڤان بارزانییەوەیە و لە داهاتوودا سەرۆکایەتیی هەرێمیش وەردگەرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی شارپرێس ململانێی نێوان ئەو دوو ئامۆزایە لە پارتی ماوەیێکی زۆرەبەردەوامە و پاش ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران کاندید کران ناکۆکییەکان زیادیان کرد.
شارپرێس ئیدعای ئەوەشی کردووە، یەكێكی تر لەهۆكارەكان ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هێشتا بەردەوامە لەوەی كوردستان سەربەخۆیی وەربگرێت، بۆیە نایەوێت داهاتی نەوت بەئاسانی رادەستی بەغدا بكات، چونكە پێیوایە لەماوەی داهاتوو كێشەكانی عێراق زیاتر قووڵ دەبنەوەو ئەوەش هۆكارو دەرفەتێك دەبێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی رابگەیەنرێت.
بەگوێرەی پڕۆژەی یاسای بودجەی 2019ی عێراق ناردنی شایستە داراییی هەرێمی کوردستان بەستراوە بە ڕادەستکردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان بەڵام هەر بە گوێرەی ئەو یاسایەش ناردنی بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم پێوەندیی بە ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕادەستنەکردنی داهاتی نەوتەوە نیە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکان بڵاو بووەتەوە ئێستا لایەنە کوردییەکان داوایان لە عەبدولمەهدی کردووە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت لەبەر ئەوەی هەولێر داهاتەی نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا نەکردووە.
Your Comment