کوردپرێس:
بە گوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ یەکشەمە 12ی ئایار بە ئیمزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و ئاراستەی وەزارەتی کارەبای هەرێم کراوە ئاماژە بەوە دەکات، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ڕەزامەندین لەسەر تەرخانکردنی بڕی بودجەی ١٥ ملیۆن دۆلار، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای پارێزگای دهۆک و قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر.
بە گوێرەی نووسراوەکە هێڵێکی کارەبای فشار بەرزی ١٣٢ کەی ڤی بۆ پارێزگای دهۆک بە درێژایی ٣٨ کیلۆمەتر ڕادەکێشرێت، هەروەها گۆڕینی تەلی گەیەنەری هێڵی ١٣٢ کەی ڤی نێوان وێستگەی شەقڵاوە و سۆران، بە درێژایی ٥٥ کیلۆمەتر.
وەک لە نووسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی پێکراوە، لەبەر ئەوەی ئەو هێڵەی خۆیان توانای وەرگرتنی پشکی ناوچەکەی نییە وەک پێویست و بەهۆیەشەوە ناتوانن پشکی خۆیان وەربگرن و لەبەر ئەوەش کێشەی کارەبای دهۆک کێشەیێکی ئاڵۆزە.
لە کۆتاییی نووسراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بە پێی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکانی ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٦.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەندین ساڵە کێشەی کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کێشەیێکی سەرەکی بووە و بەهۆی نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکییەوە ناوبەناو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکرێت لەبەر نەبوونی کارەبا.
Your Comment