کوردپرێس: كەمال کەرکووکی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجەكانی ئاسایی كردنەوەی دۆخی کەرکووک و دانانی پارێزگار بۆ ماڵپەڕی خەندان-ی زمانحاڵی سەرۆک کۆماری عێراق دەخاتە روو و دەڵێت: "پێشەكی دەبێت پێشمەرگە و سوپا لە دەرەوەی کەرکووک دابمەزرێن و بڵاوببنەوە، مەركەزێكی تەنسیقیان هەبێت پێكەوە و هاوئاهەنگی بكەن، بۆ پاراستنی دەرەوەی شار و قەزا و ناحیەكان، مەلەفی ئەمنی ناو کەرکووک رادەستی پۆلیس و دەزگا ئەمنیە خۆجێییەكانی کەرکووک بكرێت، كە لە پێكهاتەكانی خەڵكی کەرکووک بن".
ناوبراو زیادی دەکات: ئەو بازگە زۆرانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر هێنراون، نەمێنن و بازگەکانی هاتن و رۆشتنی شارەكە، رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بازگەكانی کەرکووک بكرێن، كە خەڵكەكەی کەرکووکی بن".
لە درێژەی قسەكانیدا، كەمال کەرکووکی وتی: "بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی گەلی توركمان ئازاد بكرێن و ستافەكانیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بەربەست لەبەردەم ئاڵای كوردستان لاببرێت و بەتەواوی وەكوو جاران هەڵكردنی لە کەرکووک ئازادبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و كاربكەن، لەناو ئەنجومەن بابەتی پارێزگار یەكلایی بكەنەوە".
سەبارەت بە بۆچوونی پارتی لەسەر ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگاری داهاتووی کەرکووک كەمال کەرکووکی وتی "پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچوونی ئەوەیە كە دەبێت پارێزگارێک هەڵبژێردرێت كە كورد بێت، نیشتیمانپەروەر و بێلایەن بێت، بۆ خەڵكی شارەكە كار بكات نەک بۆ پارتی یان یەكێتی. بۆ ئەو بابەتەش هەردوو جەنابی مەسعوود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوول لەسەری هاوڕابن، لایەنەكانی دیكەش لەناو لیستی برایەتی لەسەری هاوڕابن، لیستەکانی توركمان و عەرەبیش لەسەری هاوڕابن.
سەبارەت بەوەی، دەبێت كێ پابەندی ئەم خاڵانە بێت؟ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یاخود حكوومەتی فیدراڵی؟ كەمال کەرکووکی وتی: " لە ئێستادا لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی گفتوگۆ هەیە، لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیكەش كە دۆستن گفتوگۆ هەیە، دەبێت حكوومەتی فیدڕاڵی ئەم كارە بكات و پارتی و یەكێتیش هاوڕابن، بۆئەوەی ئەو كارانە جێبەجێ بكرێت، ئەگەر ئەمڕۆ بەو دۆخە، پارێزگارێک دابنرێت بەبێ ئاسایی کردنەوەی کەرکووک، كەرامەتی پارێزگار دەشکێت و هیچی پێناكرێت.
لەبارەی كاتی جێبەجێ كردنی ئەم هەنگاوانە، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیانی پارتی وتی: "لەئێستادا خەریكین، ئەگەر کەسانێک لەناو لایەنێک نەبێت، حازربێت خۆی بفرۆشێت، زوو جێبەجێ دەبێت، ئەگەر پارتی و یەكێتی و لایەنەکانی دیکەی لیستی برایەتی، وەكوو مەرد پێكەوە ئیش بكەن، زوو جێبەجێ دەبێت. بەڵام ئەگەر كەسانێک هەبێت چاویان لەوەبێت لێرە و لەوێ شتێكیان دەستبكەوێت بۆ گیرفانیان، بەسەرشۆڕی بۆ خۆیان هەوڵ بدەن و پارێزگارێكی كارتۆنی و ئەنجومەنێكی كارتۆنی دابنێن، بەدڵنیاییەوە ئەو كارە زۆری دەوێت و کێشەی زۆر گەورە دروست دەبێت و ھەموو لایێک تێیدا زەرەرمەند دەبن".
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەکەیدا كەمال کەرکووکی وتی: "ئەوەی وتوومە ئەو بەرنامەیە، ھەردوولا پارتی و یەکێتی، ئێستا لەسەری ھاوھەڵوێستن. دەبێت بەو شێوەیە هەنگاو بنێین، ئەو بەرنامەیە ئەگەر لایێكیان لێی لابدات، ئەو كاتە هەموو گەلی كوردستان لێی زەرەرمەند دەبێت.
لەبارەی پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیان رایگەیاند: "لەئێستادا پەیوەندییەكان باشن، لەم رۆژانەدا، بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێكەوە رێككەوتنێكمان واژۆ كرد، ئێمە پابەندین بەو رێكەوتنەوە، کە تێیدا سەرۆکایەتی شاندی دانووستاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانم دەکرد، و گەیشتینە ڕێکەوتن لەگەڵ شاندی دانووستانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد، ئەوەش بووە بنەمای سەرەکی و ھەردوولا لە سەری ڕێککەوتن كە خزمەتی گەلی كوردستان دەكات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment