3 تیمى ئەمەریکایی و به‌ریتانى و ئه‌ڵمانى کار بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى 70 ى پێشمه‌رگه‌، ده‌ڵێت سێ تیمى سه‌ربه‌ ئەمەریکاییەکان و به‌ریتانى و ئه‌ڵمانیه‌کان له ‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ن و کار بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن.

کوردپرێس: جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى 70 ى پێشمه‌رگه‌، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ڕاگه‌یاند هه‌رێمى کوردستان پێویسته‌ سوپایێکى یه‌کگرتووى هه‌بێت، بۆیه‌ هه‌وڵى جدى بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ئارادایه‌.

فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى 70 ى پێشمه‌رگه‌ وتیشى: "نه‌بوونى بودجه‌ و شه‌ڕى داعش له‌مپه‌ر بوون له‌به‌رده‌م یه‌کخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ رابردوودا، به‌ڵام حکوومه‌تى تازه‌ى هه‌رێم هه‌وڵى جدى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌دات".

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئاشکراشی کرد سێ تیمى سه‌ر به‌ ئەمەریکایی و به‌ریتانى و ئه‌ڵمانیه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ن، به‌رنامه‌یێکى تۆکمه‌یان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ قۆناغ دارشتووه‌.

ده‌رباره‌ى ئامانجى هاوپه‌یمانان له‌ هه‌وڵدان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌ڵێت: مادام هه‌رێم حکوومه‌ت و په‌رله‌مانى هه‌یه‌، ئه‌وان پێیانوایه‌ ده‌بێت خاوه‌ن سوپایێکى یه‌کگرتووش بین بۆیه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ هاوکارمان ده‌بن.

به‌شێک له‌ راگه‌یاندنه‌کان باس له‌ هه‌بوونى مه‌ترسى ده‌که‌ن لاى یه‌کێتى به‌وه‌ى له‌ ئه‌نجامى یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌وه‌، پارتى ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوى هێزه‌کاندا بگرێت، به‌ڵام جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌و زانیاریانه‌ى ره‌ت کرده‌وه‌ و وتى به‌ئێستاو سه‌رده‌مى جه‌نابى مام جه‌لالیشه‌وه‌، یه‌کێتى هه‌رگیز کۆسپ نه‌بووه‌ له‌به‌رده‌م یه‌کخستنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا و ترسى له‌وه‌ شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد پێشتر 14 لیواى پێشمه‌رگه‌ یه‌کخراوه‌ته‌وه‌ و یه‌کێتى هاوکاربووه‌، وتى"مادام بڕوامان به‌ حکوومه‌ت و سه‌روه‌رى یاسا هه‌یه‌، ده‌بێت بڕوامان به‌هه‌بوونى سوپایێکى یه‌کگرتووش هه‌بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53618

Your Comment

You are replying to: .
captcha