کوردپرێس:
دامەزرانی جووڵانەوەی نوێ ساڵی لێهەڵنەگەڕایەوە کە گرفت و ڕاجیاوازی کەوتە نێو ئەندامەکانی و ژمارەیێک لە ئەندامانی ئەو جووڵانەوەیە وتیان سەرۆکەکەیان هەوڵی بەبنەماڵەیی کردنی حیزبەکە دەدات و بۆ بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانیی خۆی ئەو جووڵانەوەیە بەکار دەهێنێت بۆیە بڕیاریان دا وازهێنان لە جووڵانەوەکە ڕابگەیێنن.
پاش ئەوەی شادی نەوزاد ئەندامی پێشووی نەوەی نوێ ڕایگەیاند هەڕەشەی بڵاوکرانەوەی وێنە و ڤیدیۆی سێکسیی خۆی لێکراوە پەنجەی تۆمەت بۆ ژمارەیێک ئەندامی نەوەی نوێ و چەند کەسێکی نزیکی شاسورا عەبدولواحید بەرز کرایەوە و هێزەکانی ئاسایش لە سەر فەرمانی دادوەر هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی ناوەندیی جووڵانەوەکە و چەند کەسێکیان دەستبەسەر کرد و پاش چەند ڕۆژ دانپێدانانی تۆمەتبارانی دەستبەسەرکراو لە تەلەڤزیۆن بڵاو کرایەوە.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، "تا ئیستا ملمان بۆ هیچ هەڕەشەیەک نەداوە وەکو تەقەلێکردن و سووتاندن و ئەو سیناریۆیە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنى جووڵانەوەکە بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین".
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، "لادانى پارتى و یەکێتى لەسەر دەسەڵات کارێکى ئاسان نییە و ئەم سیناریۆیانە نامانترسێنێت".
لەبەشێکى دیکەى وتەکانیدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەو وتانەى لەبەردەم دادوەردا لە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان وەرگیراون لەگەڵ دانپێدانەکانى بەردەم ئاسایش پێچەوانەى یەکترن.
پرسیارى ئەوەشی کرد، کە بۆچى دانپێدانانەکان لەبەردەم دادوەردا نییە و ئاسایش بڵاوی دەکاتەوە؟ جەختیشی کردەوە، یەک دادوەرى بەویژدان نییە باوەڕ بەو جۆرە سیناریۆیە بکات.
ناوبراو وتیشی، "دەیانەوێت جووڵانەوەکە و خودى من ناشرین بکەن و ئەم سیناریۆیانە نامانترسێنێت و خاومان ناکاتەوە".
هاوکات شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوە کرد، "پەتی درۆ کورتە و لە داهاتوودا ڕاستییەکان دەردەکەون"
ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ، دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکى لەسەر دانپێدانانی دەستگیرکراوانی نەوەی نوێ و ڤیدیۆی دانپێدانانەکەى بڵاوکردەوە.
Your Comment