فه‌ڕه‌نسا بۆ چۆنێتیی گه‌ڵاڵه‌کردنی بودجه‌ یارمه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی داراییی فه‌ڕه‌نسا گه‌یشتنه‌ لێکتێگه‌یشتن بۆ یارمه‌تیدانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ بواره‌كانی چۆنیه‌تیی گه‌ڵاڵه‌كردنی بودجه و وردبینی و چاودێری كردنی خه‌رجییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی باجه‌كان له‌ قۆناغی داهاتوودا.

کوردپرێس:

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ ڕۆژی 7-5-2019 کۆبوونه‌وه‌یێک له‌ هه‌ولێر له ‌نێوان قوباد تاڵه‌بانی و وه‌فدێكی به‌شی هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌زاره‌تی داراییی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه ‌چوو و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران داوای كرد فه‌ڕه‌نسییه‌كان هاوكاری حكوومه‌تی هه‌رێم بن له‌ داڕشتنی پرۆژه‌یاسای بودجه و چاودێری كردنی خه‌رجییه‌كان و چۆنییه‌تی وردبینی كردنیان و وه‌فده‌كه‌ی فه‌ڕه‌نساش لای خۆیانه‌وه‌ به‌ڵێنیان دا له ‌ماوه‌ی دوو مانگدا بۆ ڕاوێژدان به‌ حكوومه‌تی هه‌رێم پسپۆڕه‌كانی خۆیان بنێرنه‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختی كرده‌وه‌ بۆ نه‌هێشتنی كورتهێنانی بودجه‌ حكوومه‌ت پێویستی به ‌ڕاهێنانی كارمه‌نده‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا كۆنه‌كان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیان مێژووی ده‌ركردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی چله‌كان و له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی ئێستادا نایه‌نه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌ ئه‌له‌كترۆنیكردنی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێم و چاكسازی كردن له‌ شێوازه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی باج كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌یێكی هاوبه‌شی هه‌ر دوو حكوومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نده‌ له یه‌ک كاتدا.

هه‌روه‌ها بڕیار درا له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمدا فه‌ڕه‌نسییه‌كان سیمینارێكی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت ڕێكبخه‌ن بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێم له‌ دۆسیه‌ داراییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ بودجه‌ و خه‌رجی به‌ شێوه‌یێكی دروست.

له‌ به‌شێكی‌تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی دا به‌ گرنگیی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار به‌ شێوه‌یێک كه‌ ده‌بێت له‌ بودجه‌كانی داهاتوودا گرنگیی ته‌واو به‌م دوو كه‌رته‌ بدرێت و كۆتایی به‌و په‌راوێزخستنه‌ بهێنرێت كه‌ له‌ دوایین پڕۆژه‌ی بودجه‌دا ته‌نها له‌ 2%ی بودجه‌ بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ ته‌رخان كرابوو.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ درێژكراوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی قوباد تاڵه‌بانییه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی فه‌ڕه‌نسی و به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ هێنانی ڕاوێژكاری بیانی به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی كردن له‌ كه‌رتی داراییی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53549

Your Comment

You are replying to: .
captcha