کوردپرێس:
شەوی سێشەمە 7ی ئایاری 2019 مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەسەردانێكی خێرا و نهێنی گەیشتە بەغدای پایتەخت، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند كە ئاگاداری سەردانەكە نین.
بەپێی سەرچاوە هەواڵیەكانی عێراق، لەو سەردانەیدا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چاوی كەوتووە بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەبارەت بە پرسی سزاكانی ئێران و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق گفتوگۆیان كردووە.
هەر بەپێی میدیا عێراقیەكان، مایك پۆمپیۆ لەو سەردانەیدا پرسی پابەندبونی عێراقی بەسزاكانی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە باس كردووە، لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكای راگەیاندووە كە عێراق نایەوێت ببێتە لایەنگر لەو نێوەندەدا و رایگەیاندووە كە وڵاتەكەی پابەند نابێت بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.
میدیا عێراقیەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە پۆمپیۆ لەبەرامبەر پابەندنەبوونی عێراق بە سزاكانی سەر ئێران داوای كردووە كە هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان كۆمپانیاكانی كەرتی وەبەرهێنان و حكوومەتی عێراق ئەنجام بدرێت و پرۆژە زیاتر بدرێتە كۆمپانیا ئەمریكییەكان.
سەرچاوەیێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق تایبەت بەخەندان ڕایگەیاند پێشتر هیچ پلانێک نەبووە بۆ ئەو سەردانە و ڕاشیگەیاند ئەو سەردانەی پۆمپیۆ بەشێوەیێکی کتوپڕ و ڕانەگەینراو بوە.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیێكی تەلەفۆنی لە نێوان مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام درا.
هەر لە سەردانەکەیدا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندی یاوەری لەگەڵ بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دیداری کرد.
بەپێی زانیارییەكانی خەندان لەو سەردانەدا پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق لە بواری ئەمنی و ئابووری و ئاوەدانی گفتوگۆی لەسەر كراوە و باس لە دۆخی ئەمنی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەراست کراوە.
ئەمە دووهەم سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بۆ عێراقە کە بە نافەرمی و کتوپڕ بۆ عێراق دەکرێت و سەردانی یەکەم لە ماوەی ڕابردوودا سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ عێراق بوو کە ڕەخنەی زۆری لێگیرا و ترەمپ لەو سەردانەیدا لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی فەرمیی عێراق دیداری نەکرد و تەنیا بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە باشووری عێراق بەسەرکردەوە.
سەردانە کتوپڕەکەی پۆمپیۆ بۆ عێراق لە کاتێکدا دێت کە ئەمڕۆ 8ی ئایارە و ئەو ڕۆژەیە کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە و ئیدارەی ترەمپ بڕیاری داوە لەم ڕۆژەدا سزای نوێی ئابووری بە سەر ئێراندا بسەپێنێت.
لە هەمان کاتدا ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) ڕایگەیاند حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەمە 8ی ئایاری 2019 نامەیێک تەسلیمی باڵوێزەکانی هەر 5 وڵاتی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و لە نامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی بێ مەلاباتیی ئەو وڵاتانە و فەوتانی دەستکەوتەکانی ئێران، بەشێکی ئیلتیزامەکانی تاران بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە سڕ دەکرێت و ئێران بە مافی خۆی دەزانێت واز لەو بەشەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بهێنێت.
Your Comment