بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەرهاد تەجەری نوێنەری خەڵکی گێڵانغەرب و سەرپێڵزەهاو و قەسرشیرین لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: گفتوگۆی باش لەگەڵ لایەنی عێراقی کراوە و لێکگەیشتنی باشیش لە نێوان هەردوولادا هەیە بۆ ئەوەی بە زووترین کات خاڵی سنووری خەسرەوی لە نێوان ئێران و عێراقدا بکرێتەوە.
تەجەری ئاماژەی بە گرینگیی دەروازەی خەسرەوی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیار و زیارەتکاری ئێران و عێراقی کرد و ڕایگەیاند لەگەڵ لایەنی عێراقی کۆدەنگن لە سەر ئەوەی بە زووترین کات دەروازە مەرزییەکە بکرێتەوە بەڵام تا ئەم کاتەش کاتی کرانەوەی مەرزەکە ڕوون نەکراوەتەوە.
لێدوانەکەی ئەو نوێنەرە کوردەی پەرلەمان لە کاتێکدایە ڕۆژی ڕابردوو (دووشەمە 6ی ئایار) حامید دارابی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و زیارەت وتبووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران مۆڵەتی کرانەوەی مەرزی خەسرەویی بۆ هاتوچۆی زیارەتکاران دەرکردووە بەڵام کرانەوەی سنوورەکە چاوەڕێی مۆڵەتی فەرمیی لایەنی عێراقییە.
دەروازەی سنووری خەسرەوی لە شاری قەسرشیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان سنووری هاوبەشی لەگەڵ بەشی عەرەبنشینی عێراق و بەشێکی هەرێمی کوردستانیش هەیە و بە ڕێژەیێکی فراوان ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لە دوو دەروازەی خەسرەوی و پەروێزخانی کرماشانەوە ئەنجام دەبێت.
Your Comment