بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ساڵی 2014 داعش بەشێکی زۆر لە پارێزگای مووسڵی داگیر کرد و لە هاوینی هەمان ساڵدا هێرشی کردە ناوچەی ئێزدی نشینی شەنگال لە باکووری پارێزگای نەینەوا و خەڵکی ئەو ناوچەیەی قەتڵوعام کرد و ژمارەیێکیشی بەدیلی گرت.
لەمبارەوە گۆڤاری ئینگلیزی زمانی نیوعەرەی لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت سەرەڕای ئەمەی کە شاری شەنگال لە تەشرینی دووهەی 2015 لەژێر کونترۆڵی داعش دەرهێندرا بەڵام هێشتا ژمارەیێکی زۆر لە کوردانی ئێزدی لە خێوتەکاندا کە لە چیای شەنگال هەڵیانداوە دەژین و ناوێرن بۆ شارەکەیان بگەڕێنەوە.
بەشێک لە هۆکاری نەگەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ شەنگال بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییە ژێرخانییەکان وەکوو ئاو و کارەبا دەگەڕێتەوە. هەم هەرێمی کوردستان و هەم حکوومەتی عێراق بە بیانووی بوونی هێزی لایەنە جیاوازەکان لەم ناوچە و بوونی نائەمنی ئامادە نین خزمەتگوزاری لەم ناوچەدا ئەنجام بدەن.
هێزی جیاوازی زۆر لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە وەکوو هێزەکانی سەربە پەکەکە و حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە. ژمارەیێک لەم گرووپانە هەندێک جار ڕووبەڕوی یەک دەبنەوە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژەی بدەین بە پێکدادانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سەربە پەکەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا و شەڕی ئەمدواییەی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سەرب پەکەکە.
مەحما خەلیل قایمقامی پێشووی شەنگال، پەکەکە تۆمەتبار دەکات کە مۆڵەتی گەڕانەوە بە کوردانی ئێزدی بۆ شەنگال نادات، ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ نیوعەرەبیدا دەڵێت پێشێل کردنی یاسا و گوشار خستنە سەر خەڵکی ناوچەکە بەشێکە لە هەڵمەتەکانی پەکەکە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئەو هێزانە لە شەنگال دەربکات.
تورکیاش ناڕازییە لە جێگیر بوونی هێزەکانی سەربە پەکەکە لە شەنگال و هەندێک جاریش ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەو ناوچەدا ئەنجام داوە و فەرماندەکانی یەبەشە-ی بە فڕۆکە کردۆتە ئامانج.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ئەمنییەتی ناوچەکە دابین بکرێت و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ خەڵکەکە لە لایەن حکوومەتەوە هەوڵی بۆ بدرێت کە ئاوارەکانی شەنگال بتوانن بۆ شار و زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment