کوردپرێس:
ڕۆیته‌رز له ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کرده‌وه که گرووپی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پێترۆلیۆم -پێکهاتوو له چه‌ندین کۆمپانیای عه‌ره‌بیی ئه‌بووزه‌بی ئیمارات- نیازی هه‌یه 400 ملیۆن دۆلاری دیکه له کێڵگه‌کانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان سه‌رمایه‌دانه‌ری بکات.
کۆمپانیاکانی داناغاز و کرێسێنت پێترلیۆم که پشکێکی زۆریان له گرووپی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پێترۆلیۆمدا هه‌یه ڕایان‌گه‌یاندووه که 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلاری دیکه بۆ وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان سه‌رمایه‌دانه‌ری ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت له بواری وه‌به‌رهێنانی گازی سروشتی‌دا.
ئه‌م کۆمپانیایانه جگه له سه‌رمایه‌دانه‌رییان بۆ وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان ده‌یانهه‌وێت له ڕێگای بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌ره‌قه‌ی مالیه، قه‌رزی بانکی و ڕاکێشانی سه‌رمایه‌دانه‌رانی که‌رتی تایبه‌ت سه‌رمایه‌کانیان له هه‌رێمی کوردستان زیاتر بکه‌نه‌وه چوونکه به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ندێک له کۆمپانیا عه‌ره‌بییه‌کان ڕایان‌گه‌یاندووه سه‌رمایه‌دانه‌رییان له هه‌رێمی کوردستان پاش تێپه‌ڕبوونی ناوچه‌که له قه‌یران سوودێکی زۆری بۆ کۆمپانیاکان به‌دواوه بووه و کۆمپانیا عه‌ره‌بییه‌کان ده‌یانهه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سوودێکی زیاتر به‌کار بهێنن.
پاتریک ئێلمان وارد به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کۆمپانیای داناغاز گرنگترین کۆمپانیای سه‌رمایه‌دانه‌ری بواری نه‌وت و گازی سروشتی هه‌رێمی کوردستان باس له به‌رزبوونه‌وه‌ی سوودی به‌رچاوی کۆمپانیاکه به بۆنه‌ی چالاکییه‌کانی له هه‌رێمی کوردستان ده‌کات. ناوبراو له به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاندووه که داناغاز له سێ مانگی یه‌که‌می ساڵی 2019دا نزیکه‌ی 35 ملیۆن دۆلار سوودی کردووه و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه ڕێژه‌ی سوودی سێ مانگی یه‌که‌می ساڵی 2018ی کۆمپانیای داناغاز ته‌نها 14 ملیۆن دۆلار بووه.
داناغاز سه‌ره‌ڕای زیادکردنی سه‌رمایه‌که‌ی له هه‌رێمی کوردستان باسی له زیادکردنی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی له هه‌رێم کردووه. داناغاز ڕای‌گه‌یاندووه که به‌رهه‌مهێنانی ڕۆژانه‌ی گازی سروشتی به‌رانبه‌ر به 68 هه‌زار و 500 به‌رمیل نه‌وت له ڕۆژ به‌رز بۆته‌وه و پیشانده‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتیی ئه‌و کۆمپانیایه بۆ 6 له‌سه‌د.
کۆمپانیای داناغازی ئیمارات و هاوبه‌شه‌که‌ی واتا كریسنت پێترۆلیۆم گرێبه‌ستێکی 20 ساڵه‌یان بۆ په‌ره‌پێدانی کێڵگه گازییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان واژۆ کرد به‌ڵام پاش چاره‌سه‌ربوونی ناکۆکییه دارایییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و وه‌رگرتنی نزیکه‌ی 2 ملیار دۆلار له هه‌رێم به بۆنه‌ی ناکۆکییه‌کانیان، نزیکه‌ی یه‌ک و نیو ملیار دۆلاری له کێڵگه گازییه‌کانی کۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵی هه‌رێمی کوردستان سه‌رمایه‌دانه‌ری کرد. ئه‌م کۆمپانیایه ئامانج له سه‌رمایه‌دانه‌ریی زیاتر له‌و دوو کێڵگه گازییه به دابین‌کردنی سووته‌مه‌نی پێویست بۆ هێزگه گازییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان وه‌سف ده‌کات.
له دوایین ڕاگه‌یێندراوی کۆمپانیای داناغازدا هاتووه: کۆمپانیای داناغازی ئه‌بووزه‌بی ده‌یهه‌وێت تا ساڵی 2021 ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی له هه‌رێمی کوردستان له 400 ملیۆن فووتی سێجاوه بۆ 600 ملیۆن فووتی سێجا له ڕۆژدا به‌رز بکاته‌وه.
هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:
http://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=45143
http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=45216
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment