عێراق ده‌یهه‌وێت سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی بکڕێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كرد که‌ بۆ كڕینی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌كیی S-400 له ‌ڕووسیا، به‌غدا ده‌ستی كردووه‌ به‌ دانووستان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 4ی ئایاری 2019 حاکم زاملی سه‌رکرده‌یێکی ڕه‌وتی سه‌در و سه‌رۆکی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق به‌ که‌ناڵی ئارتی عه‌ره‌بیی ڕووسیا گوتی: له‌ نێوان حكوومه‌تی عیراق و ڕووسیا گفتوگۆ هه‌یه‌ بۆ ده‌ستخستنی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی.

حاكم زاملی گوتیشی: له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ زیادكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ بواری پڕچه‌ككردندا له‌گه‌ڵ ڕووسیا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرێبه‌ستێک به‌ بڕی 4 ملیار دۆلار بۆ كڕینی فڕۆكه‌ی پێشكه‌وتوو ته‌رخان كراوه‌ و گرێبه‌ستێكی‌تریش به‌ بڕی 1 ملیار دۆلار بۆ كڕینی زرێپۆش واژۆ كراوه‌.

سه‌رۆکی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی عێراق ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌: له‌ ئێستادا عیراق گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌كات بۆ كڕینی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی S-400 به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌رگرییه‌ گرنگییێكی زۆری هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ ماوه‌ی 2 ساڵی داهاتوودا ئه‌و سیسته‌مه‌ ڕاده‌ستی عێراق بكرێت.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ سیسته‌می S-400ی نه‌وه‌ی نوێی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی ڕووسیا و مۆدێلی پێشکه‌وتووی سیسته‌می S-300ه‌ که‌ دوو هێنده‌ی سیسته‌می مووشه‌کیی پاتریۆتی ئه‌مریکا کارامه‌یی هه‌یه‌ و ده‌توانێت سێ جۆر مووشه‌کی جۆراوجۆر بهاوێژێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێک وڵات وه‌ک هێند و تورکیا داخوازیی خۆیان بۆ کڕینی ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌رگرییه‌ ڕابگه‌یێنن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53487

Your Comment

You are replying to: .
captcha