عێراق: هێڵی ئاسنین لەرێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەنینە توركیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق رایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت هێڵی ئاسنینی فاو تاوەکو پێشابوور دروستبکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تاڵیب جەواد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت هێڵی ئاسنینی فاو تاوەکوو پێشابوور دروستبکەین، ئەوەیشی هەیە نۆژەنی بکەینەوە، بۆیە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هێڵەکە دەگەیێنینە تورکیا.

ناوبراو وتیشی: ئێستا کارەکان بۆ دیاریکردنی خاڵی پێکەوەبەستن بەردەوامن. بۆ ئەو مەبەستەیش ئێستا گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامن تاوەکو دواتر بە کردەیی دەست بە کارەکان بکرێت".

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق ئاماژەی بەوە دا، دوای دەستکردن بە کارەکانی بەندەری فاو ئێستا زیاتر پێویستمان بەوەیە هێڵە ئاسنینەکان گەشە پێبدەین بۆ ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە بگەنە ئەوروپا. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵیدا دەدرێت کە کاریان دیزاینە.

تاڵیب جەواد ئاشکرایشی کرد، هێڵی هەولێر - فاو و تۆڕی ئاسنینی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی داهاتوو کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لێی دەکۆڵنەوە.

لە شەڕی داعشدا بەشێکی زۆری هێڵی ئاسنینی شارەکان تێکچوون کە دیارترینیان هێڵی بەغدا - مووسڵ، بەغدا - ئەنبار و بەغدا - فەلووجە بوون.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە بە جیددی هەوڵدەدەین ئەو بەشەی هێڵە ئاسنینەکەمان نۆژەن بکەینەوە کە داعش تێکیشکاند. لە هێڵی موسڵ - بەغداوە دەستمان پێکرد و توانیمان نۆژەنی بکەینەوە. هێڵی بەغدا - فەلووجەیش نۆژەن کراوەتەوە".

تاڵیب جەواد باسی لەوە کرد، هەرچەندە ئەو کارانەی دەکرێن لە ئاستی داخوازییەکانیاندا نین، بەڵام هەر باشن. دەشڵێت، ئێستا کار دەکرێت بۆ دروستکردنەوەی ئەو پردانەی لە پارێزگای ئەنبار رووخێندراون بۆئەوەی هێڵی بەغدا - ئەنبار بخرێتەوە گەڕ.

بەڕێوەبەرە گشتییەکەی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "لەلایەن وەزارەتی گەیاندنی عێراقیشەوە کار دەکرێت بۆئەوەی هێڵی کەرکووکیش بخرێتەوە نێو تۆڕەکانمان. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین هێڵی بەغدا - بەسرە زیاتر پێشکەوتوو بکەین".

تاڵیب جەواد وتیشی: "کۆمپانیاکەمان یەکێکە لە کۆمپانیا زیانمەندەکان، چونکە هێڵەکانمان دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و تێکدەدرێن. هەروەها فەرمانگە حکومییەکانیش لەڕێگەی کۆمپانیاکەمانەوە کەلوپەلەکانیان ناگوازنەوە تاوەکوو داهاتمان زیاد بکات. داوایش دەکەین وەزارەتی نەوت لەڕێگەی هێڵەکانی ئێمەوە تەنکەرەکانی نەوت بگوازێتەوە".

کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق ساڵی 1912 بەردی بناخەی دانراوە و ساڵی 1930 دەستی بە کار کردووە.

News Code 5345

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha