بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە ئامادەبوونی مامۆستایان وناودارانی بواری ڕاگەیاندن ڕێوڕەسمی ڕێز گرتن لە براوەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی میدیا کوردییەکان لە شاری سنەی پارێزگای کوردستان بەڕێوەچوو و هەر یەکە لە ئەشرەف بینەندە، مەنسوور ڕەحیمی، سەحەر مولایی و بێهرووز عەلی موحەمەدی، هەواڵنێرانی ئاژانسی کوردپرێس لە ڕیزی خەڵاتکاوەکاندا ڕێزیان لێگیرا.
لەسەر دەنگی لیژنەی ناوبژیوانانی فستیڤاڵەکە کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە مەنسوور ساعی و شەفیع بەهرامیان و ئیبراهیم محەمەد حسێنی لە بەشی هەواڵی کوردیدا کەس پلەی یەکەمی بەدەست نەهێنا و هەرمان وتمانی لە هەواڵدەریی هاژە-ی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پلەی دووهەمی مسۆگەر کرد و بێهرووز عەلی موحەمەدی لە ئاژانسی کوردپرێس پلەی سێهەمی بەدەست هێنا.
هەروەها لەسەر دەنگی لیژنەکە و لە بەشی دیمانەی کوردیدا فەیزوڵڵا پیری و کاوان محەمەدپوور لە هەفتەنامەی سیروان پلەی یەکەم و دووهەمیان بەدەست هێنا و ئەشرەف بینەندنە لە ئاژانسی کوردپڕێس پلەی سێهەمی مسۆگەر کرد.
لە درێژەدا و لەبەشی دیمانەی فارسیدا پلەی یەکەم لە لایەن محەمەد جەواد جەلیلییان لە گۆڤاری دەنگی ئازادی مسۆگەر کرا و پلەی دووهەم درا بە شیرین مورادی لە هەواڵدەریی فارس و پلەی سێهەمی ئەم بەشەیش لەلایەن سەحەر مولایی هەواڵنێری کوردپرێسەوە مسۆگەر کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتنەکەدا خەڵاتکراوانی بەشی دروشمی ساڵ ڕێزیان لێگیردرا و مەنسوور ڕەحیمی هەواڵنێری بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس وەکوو شایانی ڕێزی ئەم بەشە ناسێندرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment