وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە هەولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ عێراق وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆ ببێتەوە.

کوردپرێس:

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 28ی نیسان لەڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە هەرێمی كوردستان.

سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا، دوای سەردانەكەی دێت بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.

بڕیارە لەم سەردانەیدا بۆ هەولێر، مەولوود چاوشئۆغلۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بكەن.

پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر چاوشئۆغلو به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گه‌یشته‌ شاری به‌غدا و چه‌ند كۆبونه‌وه‌یێكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی عێراق ئه‌نجام دا و دواتریش سه‌ردانی پارێزگای به‌سره‌ی كرد.

دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغڵو له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌غدا کۆبونەوەیێکی داخراوی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ئەنجام دا.

دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دووقۆڵیی توركیا و عێراق ده‌گه‌یه‌نینه‌ (20) ملیار دۆلار، پێکەوە هەوڵ دەدەین بۆ رزگاربوون لە رەگوریشەی تیرۆر.

دواتریش وەزیری دەرەوەی توركیا، لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا لەگەڵ پەرلەمانتارە تورکمانەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیێکی دیکەی داخراوی ئەنجام دا.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوەیێکی لەگەڵ پارێزگاری بەسڕەش ئەنجام دا و پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ڤیزای نێوان تورکیا و عێراق رایگەیاند؛ ڤیزا رێکارێکی ھەمیشەیی نییە و کاتێک کارەکان لە عێراق ئاسایی بوونەوە، دوبارە چاو بەوەدا دەخشێننەوە و لە کاتی خۆیدا ڤیزا لەسەر هاووڵاتییانی عێراقی هەڵدەگرن.

ناوبراو وتیشی: پێش دەستپێکردنی پەیڕەوی ڤیزا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عێراقەوە ھاتوونەتە تورکیا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیشی کردوە: "پێشتر کۆمپانیاکانی تورکیا رۆڵی گرنگیان ھەبووە لە دوبارە بووژاندنەوە و بونیاتنانەوەی عێراق و بەسڕە و ئێستاش پێکەوە ھەوڵ دراوە بۆ ئەوەی دوبارە کۆمپانیاکانی تورکیا بگەڕێنەوە ئەو شوێنە".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 53397

Your Comment

You are replying to: .
captcha