400 مامۆستای زانکۆکانی ئێران داوایێک ئاراستەی فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران دەکەن

بەشی ئێران/ کوردی- 400 مامۆستا و پسپۆڕی زانکۆکانی ئێران لە نامەیێکدا داوایان لە فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران کردووە بە میتۆدی مۆدێڕنی عالەمی بە هەیکەلییەتی سوپای پاسداراندا بچێتەوە و بە یارمەتیی خاوەنبیران، نژیارڤانی و ئەندازیاریی هەیکەلییەتی سوپا بکات و نەخشەڕێگای نوێی سوپای پاسداران دابڕژێت.

کوردپرێس:

400 مامۆستای زانکۆکانی ئێران لە نامەیێکدا داوایان لە ژنەڕاڵ سەلامی فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران کردووە لە 40 ساڵی دووهەمی تەمەنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا فاکتەرەکانی نژیارڤانیی سوپای پاسداران خوێندنەوەی نوێی بۆ بکرێت و بە میتۆدی نوێی عالەمی نەخشەڕێگای داهاتووی ئەو هێزە فەرمییەی ئێران دیاری بکرێت.

لە نامەکەی ئەو 400 مامۆستایەدا ئاماژە بە چوار خاڵ کراوە:

یەکەم لێهاتوویی و پسپۆڕیی ژنەراڵ سەلامی وەکوو مامۆستایێکی زانستە سەربازییەکان.

دووهەم زەروورەتی داهێنانی "مەکتەبی ئەمنیی باڵای ئێران" لە دەیەی پێنجەمی تەمەنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا.

سێهەم هەڵبژێردرانی ژنەڕاڵ سەلامی وەکوو فەرماندەی سوپای پاسداران هاوکات بووە لەگەڵ شکستهێنانی سیاسەتەکانی واشەنتن لە دەرەوە و ناوەوەی ئەمریکا.

چوارەم بەرزبوونەوەی پێگەی سوپای پاسداران لە دڵی جەماوەری ئێران ئەوەش بە هۆی شەڕی دژبە تیرۆر و سەرکەوتنەکانی سوپا لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆر.

لە نامەکەی ئەو 400 پسپۆڕەی زانکۆدا پێشبینیی ئەوەش کراوە تا 21 ساڵی داهاتوو ڕژێمی زایۆنی دەڕووخێت و بەم پێوەرانەش داوایان لە فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران کردووە نەخشەڕێگایێکی مۆدێڕن بۆ هەیکەلییەتی سوپا دیاری بکات کە لەگەڵ هەندەسەی نوێی دەسەڵات لە داهاتوودا بگونجێت.

ئەو 400 مامۆستایەی زانکۆکانی ئێران چەند بڕگە و مادەیێکی دەستووری ئێرانیش وەکوو بەڵگە دەهێننەوە و پێداگرن لە سەر زەروورەتی پێداچوونەوە بە هەیکەلییەتی سوپا و مادەکانیش بریتین لە: مادەی 150 و مادەی 3 و مادەی 11ی دەستووری ئێرانی.

لە نامەکەی ئەو مامۆستایانەی زانکۆدا سوپاسی ماندووبوونەکانی ڕنەراڵ جەعفەری فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران کراوە کە پێش دوو حەفتە لە لایەن ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە گۆڕدرا.

News Code 53389

Your Comment

You are replying to: .
captcha