بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیێکدا، رایگەیاندووە: خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرێن سووکایەتیی بە عێراق و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر دەکات و وشەی نەشیاوی پێ دەڵێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی کەوتبێتە ژێر هەژموونی هیچ وڵاتێکەوە و رایگەیاندووە: لێدوانەکەی خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە سووکایەتی بە عێراق و سەروەرییەکەی دەکات، کە هەرگیز قبووڵ ناکات سووکایەتی بە وڵات و سەرکردەکانی بکرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە دەوڵەتی بەحرێن کردووە بە فەرمی داوای لێبووردن لە عێراق بکات و جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە عێراق نەکەوتووەتە ژێر حوکمڕانیی هیچ وڵاتێک.
پێشتر موقتەدا سەدر سەدر بەڵگەنامەیێکی 10 خاڵی بڵاو کردبووەوە، کە تێیدا داوای راگرتنی شەڕی لە یەمەن، سووریا و بەحرێن کردبوو، جگە لە داواکردنی لە دەسەڵات هاتنەخوارەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە.
لە بەرامبەر 10 خاڵەکەی موقتەدا سەدر، کە داوای کردبوو دەسەڵاتدارانی بەحرێن واز لە دەسەڵات بهێنن و وڵاتەکەیان بخەنە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن هێرشی کردبووە سەر ناوبراو.
خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە رایگەیاندبوو، خوا هاوکاریی عێراق بکات، کە لەلایەن گەمژەکانی ئەو بەڕێوە دەبرێت.
هەروەها وەزیری دەرەوەی بەحرێن بە نووسینی هاشتاگی #مقتدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندبوو "چەند سەگ هەن و وێنەی لەشی خۆیان وەک پیاو دێتە بەرچاو".
سەرچاوە: سۆمریە نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment