سەفین دزەیی: شاندی هاوبەشی هەولێر-بەغدا بۆ چارەکردنی گرفتەکان پێکدەهێنرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەفین دزەیی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی رایگەیاند کە سەرکەوتنی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی بەواتای سەقامگیری و گەشەسەندن و چارەسەرکردنی کێشەکان دێت و بڕیاریشە شاندی هاوبەشی هەولێر بەغدا بەو مەبەستە پێکبهێنرێت.

کوردپرێس:

سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکە ئاساییە لە ئاستی سیاسی، ھەروەھا دوای ھەڵبژاردن و ھاتنە سەر حوکمی بەڕێز عادل عەبدولمەھدی و ھاموشۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەتایبەت لە بواری ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵێک بواری دیکە."

سەفین دزەیی زیادی کرد: "ھەروەھا چەندین لێژنەی ھاوبەش پێکھاتووە بۆ چارەسەرکردنی ھەندێک لەو کێشانە بەتایبەت مەسەلەی یەکخستنی پرسی تەعریفەی گومرکی و کاری ھاوبەش لە رووی رووبەڕووبونەوەی مەترسیی داعش، ھەروەھا کۆمەڵێک شتی دیکەش، بێ گومان کێشە ھەیە، ئەو پەیوەندییەی ئێستا بەرەو باشی چووە مانای ئەوە نییە کە کێشەکان چارەسەر بووبن، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە یەکەم کابینەی پاش رووخانی ئەو رژێمەوە کۆمەڵێک کێشە ھەن و کەڵەکەیان کردووە و بەردەوامیشە، ئایا دەتواندرێت بگوترێت بەم کابینەیە چارەسەر دەکرێت؟، دەکرێت ھەوڵ بدرێت یان چوارچێوەیەکی کاری ھاوبەش دابنرێت بۆ گفتوگۆکردن بەرەو چارەسەرکردنی گرفتەکان، بەڵام بە دانیشتنێک و دوان ئەو کێشانە چارەسەر نابن".

سەبارەت بە پرسی بوودجەی ھەرێمی کوردستان و پشکەکەی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی گوتی: "مەسەلەی بوودجە یەکێکە لەو بابەتانەی بە شێوەیەکی کاتیش بێت ئێستا داڕشتنێکی گونجاو دۆزراوەتەوە بەتایبەت بۆ ساڵی ٢٠١٩، بەڵام لەھەمان کاتدا ھاوکاری یەکتر بیین کە سیاغەیێکی گشتگیر و ھەمیشەیی بدۆزینەوە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بێت و بێ گومانیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکی عێراقی دەوێت و لەسەرووی ئەولەویاتیشی بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە".

News Code 53346

Your Comment

You are replying to: .
captcha