فڕۆكه‌كانی توركیا چیای مه‌تینیان بۆردوومان كرد

بەشی تورکیا- فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیا، جارێكی دیكه‌ چیای مه‌تین و پاوانی گوندی گوهه‌رز و به‌لاڤه‌ی سنووری ده‌ڤه‌ری نهێلیان بۆردوومان كرد.

کوردپرێس: ئه‌و ناوچانه‌ی بوونه‌ ئامانجی بۆردوومانی ئێواره‌ی رابردووی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا، سه‌رجه‌میان كه‌متر له‌ 7 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای ئامێدییه‌وه‌ دوورن.

تەلەفیزیۆنی کوردستان24 ڕایگەیاند به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ و گوندنشینیان، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێبهێڵن و ئاواره‌ بن.

تا ئێستا راده‌ی زیانه‌كانی ئه‌و بۆردومانه‌ نه‌زانراوه‌ و هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و بۆردومانانه‌.

سوپای توركیا به‌ پاساوی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ به‌رده‌وامی بۆردوومانی گوند و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی سه‌ر سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌كات.

ئه‌مه‌ دووه‌مجاره‌، له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ مانگێكدا فڕۆكه‌كانی توركیا چیای مه‌تین و ده‌وروبه‌ری بۆردومان بكه‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌، فڕۆكه‌كانی توركیا زیاتر له‌ 30 جار بۆردومانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانیان كردووه‌ و پێنج جاریش سنووری به‌رواری باڵا و ئامێدییان بۆردوومان كردووه‌. له‌ ئاكامیشدا چوار هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

چیای مه‌تین ده‌كه‌وێته باكووری خۆرئاوای ئامێدی له‌ سنووری پارێزگای دهۆک و 3 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری ئامێدی و 90 كیلۆمه‌تریش له‌ سه‌نته‌ری شاری دهۆكه‌وه‌ دووره‌. 1700 مه‌تریش له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53337

Your Comment

You are replying to: .
captcha