سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ کوردستان لەبەر کەشی ساردی ناوچەکە هەڵوەشایەوە یان لەبەر کەشی ساردی سیاسی؟

بەشی کوردستان- کەش و هەوای ساردی ئم بەهارەی کوردستان خاولی و کڵاو و بەرگی گەرمی کردەوە بەر هاووڵاتییانی ناوچەکە و لەگەڵ ئەوەش لافیتە و پۆستەری بەنەوشی زۆر بە شارەکەدا هەڵواسراوە و ئەوەش هێمایێک بوو بۆ سەردانی سەرۆککۆمار بۆ شاری سنە.

کوردپرێس:

بەرنامەی سەرۆککۆمار بۆ ئەم سەردانەی تاوتوێ کردنی چەند پڕۆژەیێکی پێشووتر و کردنەوەی پڕۆژەی نیشتمانیی گواستنەوەی ئاو بۆ دەشتەکانی پارێزگای کرماشان بوو کە ئەوەش پێشتر ئەنجام درابوو و هەر دەوڵەتێکی دیکەش بوایە بێ گومان یارمەتیی پڕۆژەکەی دەدا کە بگاتە ئاستی وەبەرهێنان. تەبعەن هاووڵاتییانیش پێیان خۆشە سەرۆککۆمار سەردانی ناوچەکەیان بکات. بەتایبەتی ئەو هاووڵاتییانەی بە موکافات نامەیێک دەگەیێنن بە دەستی سەرۆککۆمار و بۆ چەند ماوەیێک دڵخۆشن و بە هیواوە چاوەڕێی وەڵامی نامەکەیان دەکەن. هەروەها ژمارەیێک لە هاووڵاتییانیش دێنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی خەڵکانێک هەن وای بنوێنن کە جەماوەری کۆمەڵگا ڕەزامەندیی خۆی لە خزمەت کردنی دەوڵەتەکەیان دەردەبڕن. یان لانی کەم قوتابییانی قوتابخانەکان ببرێنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی بە نوکتە و پیاسە بۆ چەند کاتژمێرێک ڕایببوێرن. بەتایبەتی چینی فەرمانبەر و مووچەخۆریش دەچنە پێشواز بۆ ئەوەی ساتێک لە ژێر گوشاری ئەو هەموو کارە پڕۆکێنەرە دەرباز بن و بحەسێنەوە و ژمارەیێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و کاربەدەستانی دەوڵەت بە خاولی و کڵاوی بەنەوش لەو ژوورەوە بڕواننە حەشیمەتی خرۆشاو و کەیفیان ساز بێت و ژمارەیێک لە نوێنەرانی پەرلەمانیش لەم سەروبەندەی هەڵبژاردندا وەک خاوەن قەرز خۆیان زیتەوە بکەن....

بەڵام لە ناکاو هەواڵێک هات و وتیان سەردانەکەی سەرۆککۆمار هەڵوەشاوەتەوە بەو هەواڵەش هەموو تەگبیری تەگبیرکەران بێ هیوا بوو. ئەوەش لە کاتێکدایە ئەندامانی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار و تیمە پێوەندیدارەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی کوردستانیان کردبوو بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی ڕۆحانی بکەن. ڕۆژی سەردانەکەش یەکلا بوویەوە و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کرابوو بەڵام لە پڕ هەواڵی بوڵغا بوونەوەی سەردانەکەی سەرۆککۆمار دەرکرا و ئەوەی وەکوو هۆکار ڕاگەیێندرابوو پێوەندیی بە ساردیی هەواوە بوو. بەڵام کە هەموو ڕەهەندەکان دەدەینە بەر نەزەر نە زەروورەتێک بۆ سەردانەکە دەبینین نە بۆ هەڵوەشانەوەکەشی پاساو و بیانووی مەعقوول دەبینرێت. لەم قۆناغەدا کە وڵاتی ئێران لە چەند پارێزگای دیکەدا گیرۆدەی لافاو و لێقۆمانە مانای بە چی تیمی سیاسیی دەوڵەت دەکەوێتە شاڵ و کڵاو کردن بۆ ڕێکخستنی سەردانێکی نازەرووری بۆ موزایەدەی سیاسی لە پارێزگای کوردستان؟

لە لایێکی دیکەشەوە سەردانی گەورەترین بەرپرس لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات بۆ هەر پارێزگایێکی ئەو وڵاتە ئەگەر دەستکەوتی باشی نەبێت شایستەی دەوڵەت نییە. لە بەر ڕۆشناییی ئەوەی کەشی سیاسی لە ئێستادا پێی ناوەتە قۆناغێکی ساردەوە ئەگەر زۆر بوو کە ئەم سەردانەی ڕۆخانی مقۆمقۆ و موناقەشەی لێبکەوێتەوە. بۆیە تیمی ئامادەکاری کردن بۆ سەردانەکەی ڕۆحانی لەو دەرکیان بەو کەشە ساردە ساسییە کرد و سەردانەکەیان هەڵوەشاندەوە. ئەگەرچی ئەگەر سەردانەکەش کرابا یان تەنانەت ئەگەر لە ئایندەی نزیکیشدا بکرێت هیچ دەستکەوتێکی نابێت چوونکە تیمی سیاسیی دەوڵەت لە پارێزگای کوردستان هیچ خزمەتێکیان نەکردووە کە دڵی سەرۆککۆماری پێ خۆش بکرێت. با دەوڵەت ئەوەش بزانێت ئەو تیمەی لە پارێزگای کوردستان دایناوە زیاتر بە تیمێکی سیاسی دەناسرێت نەک تیمێکی کاریگەری جێبەجێکار. هەموو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان و بەڕێوەبەر و مودیرعامە شایستەکانیش لە سەر سیاسی بوونی ئەو تیمە گەواهی دەدەن. واتا سیفاتی سیاسیی ئەو کاربەدەستانەی دەوڵەت لە کوردستان بە سەر سیفاتی خزمەت کردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکی جێبەجێکاریدا زاڵە. هۆکارەکەش ئەوەی زۆرینەی کاتی خۆیان بەوەوە تەرخان دەکەن کە لە ژووری سیاسی کۆ ببنەوە و هەیکەلییەتی تیمی هەڵبژاردن و دەسەڵاتگێڕی پێکبهێنن و زۆینەیان لە باری لێهاتوویی و پسپۆڕییەوە هەرگیز لەگەڵ پۆستەکەیان نایەنەوە و لە مودیرعامی و بەڕێوەبەرایەتییش هیچ نازانن. داڵغەی سیاسی مێشکی ئەو تیمەی تەنیوە و هەر ئەو حیزب حیزبەنەیەش وای کردووە بەداخەوە زۆر خاوەن پۆست هەن کە زانیارییان لەبارەی پۆستەکەی خۆیانەوە نیە.

هەمووان دەزانن سەرەکیترین ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی کوردستان ئەوەیە ماوەی شەش ساڵە داهێنانی تێدا ناکرێت. حیزب حیزبێنەی کاربەدەستان بۆتە لەمپەر بۆ ڕاکێشانی بودجەی و لەو ماوەیەدا بەڕێوەبەران و کاربەدەستان وەنەوشەخواز زەوقیان لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەت کردن نەبووە. داتاکانی سەنتەری ئاماری ئێرانیش گەواهی لە سەر ئەم ئیدعایە دەدەن و بەپێی داتاکان پارێزگای کوردستان لە ڕێژەی هەڵاوسان و گرانیدا ژمارەی پێوانەییی تۆمار کردووە. بۆ مەعلووماتی دەوڵەت ئەمەش زیاد دەکەم کە ئەگەر لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا لە جێگای هەر کاربەدەستێکی دەوڵەت ڕۆبۆتێک چالاک بکرایە هەموو ئەم کارانەی تیمەکەی دەوڵەت کردوویەتی دەیکرد و دەوڵەت دەیتوانی هەر لە تارانەوە هەموو کاروباری دەوڵەتیی کوردستان بەو ڕۆبۆتانە جێبەجێ بکات. بەڵام پێ لە حەق نەنێین ڕۆبۆت دەرک بەو پێوەندییە تێکئاڵاوە سیاسییانە ناکات و خاڵی پێشکەوتنی ئەم کاربەدەستانەی دەوڵەتیش هەر ئەم زەوقە سیاسییەیە کە دەیکەن.

بەگشتی هەرچۆنێک بێت ئێستا سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ کوردستان هەڵوەشاوەتەوە و دیار نییە کەی ئەو سەردانە دەکرێت. بەڵام پێشنیازەکە ئەوەیە کە لانی کەم لەبەر خاتری پاراستنی شکۆ و مەقامی پۆستی سەرۆککۆماریش بووبێت تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری و خزمەتی باش نەکرابێت با ئەو سەردانە ئەنجام نەبێت. ئەگەرچی ئەگەر هەر هیچ سەردانێکیش نەکرێت خەڵکی پشوودرێژی کوردستان گلەیی ناکەن و ئەگەریش سەردانەکە بکرێت خەڵکی نەجیمی کوردستان میوانداریی تەواو دەکەن و لە مەرامی خەڵکی کوردستاندا نییە بێ ڕێزی یان کەم لوتفی لە حەقی میواندا بکەن. هەر بۆیەش باشتر وایە بیانوویێکی ئابووری بۆ سەردانەکە دروست بکرێت و گۆڕانکارییێکی هەستپێکراو ببێت ئینجا سەردانەکە بکرێت. بەڵام ئاسایییە تا ئەو کاتەی تیمی وەنەوشەخوازی سیاسی جومگەکانی دەسەڵاتیان لە کوردستان قۆرخ کردبێت هیچ گۆڕانکارییێکی ئەوتۆ ڕوو نادات و ئەم سوارە لەم مایینە دانابەزێت هەر بۆیەش با سەرۆککۆمار سەردانی کوردستان نەکات.

News Code 53304

Your Comment

You are replying to: .
captcha