کوردپرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2019، لە هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمێکی گەورەی رێزلێنان بۆ مێژوونووس و نووسەری ناسراوی کوردی خورسان " کەلیمووڵڵا تەوەحوودی" نووسەری کتێبی " کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان" ساز کرا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە مێژوونووس و نووسەری ناسراوی کوردی خورسان (کەلیمووڵڵا تەوەحوودی) نووسەری کتێبی " کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان" گوتارێکی پێشکەش کرد، و لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی بارودۆخی ئێستای کوردستانی کرد و رایگەیاند: "لەم رۆژانەدا کە زیاتر لە 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی گشتی لە کوردستان تێدەپەڕێت، خۆتان دەزانن گلەیی زۆرە لەسەر ئەوەی پێکهێنانی حکوومەت دواکەوتووە، هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە لایەنە سیاسییەکان دواجار هەر دەبێت بگەنە رێککەوتن".
کەلیمووڵڵا تەوەحوودی، کە ئێستا تەمەنی لە سەرووی هەشتایەکانە، رۆڵی گەورەی لە مێژوو و زمان و کولتوور و ئەدەبیاتی کوردانی خۆراسان بینیوە، تاکە کەس بووە لە 50 ساڵی رابردوو رۆڵی لە زیندووکردنەوەی زمان و کولتوور و ئەدەبیات و مێژووی کورد لە پارێزگای خۆراسانی ئێران هەبووە.
کەلیمووڵڵا تەوەحوودی، خاوەنی نزیکەی 80 کتێبە، یەکێک لە بەنێوبانگترین کتێبەکانیشی کتێبی "کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان"ـە، کە خۆی لە 18 بەرگ دەبینێتەوە، تاوەکو ئێستاش 16 بەرگی لێ چاپکراوە و دوو بەرگیشی ماوە چاپ و بڵاوبکرێنەوە.
ساڵی 2012 ئەکادیمیای کوردی، کەلیمووڵڵا تەوەحوودی وەک ئەندامی فەخری ئەکادیمیایەکە دەستنیشان کردووە، ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی و ژمارەیێک لە نووسەر و رۆشنبیر و خەڵکانی ئەکادیمی رێز لە مێژوونووس و نووسەری ناسراوی کوردی خورسان کەلیمووڵڵا تەوەحوودی گیرا.
Your Comment