بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی وتارێکدا لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت وتی: شەش مانگ و نیو هەڵبژاردن کراوە رەخنەی زۆر دەگیرێت لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت، ئەم رەخنەیە کە لە دڵسۆزییەوەیە لە جێی خۆیەتی، بەڵام هەندێک وردەکاری هەن شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنن.
ناوبراو روونیشی کردەوە: "دۆخی سیاسی ئێمە رووبەڕووی دوو راستی بووەوە، کە یەکێکیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە دووەمیشیان پێگە و کاریگەری و تایبەتمەندی هێزە براوەکانە، لەبەرچاوگرتنی ئەو تایبەتمەندیانە هیچ بەمانای سفرکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نایێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بەشی گەورەی ئاڵۆزییەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیە پەیوەندی بە تەرجەم کردنی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، چوونکە خوێندنەوەی دروستی ئەنجامەکان ئەوەی پێوتین هیچ لایێک ناتوانێت بەتەنها حوکمڕانی هەموو کوردستان بکات".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش وت، "کورد پەندێکی جوانی هەیە دەڵێت، دوور بڕ دروست بڕۆ، وردکردنەوەی شەراکەت و هاوبەشی لە بڕیاری حوکمڕانی هەر لەو رەهەندەوەیە، لە پێناوی ئەوەیە بنەمایێکی بەهێز بۆ کابینەی داهاتوو دابڕێژرێت، کە قابیلی تەواوکردنی وادەی تەمەنی دیاریکراوی خۆی بێت، لە پێناو گەیشتن بەو دڵنیاییەش ئێمە پەلە نین لەسەر دابەش کردنی پۆست و پلەو پایە، کە دواتر بەریەککەوتنی بەدوادا بێت و تووشی گرژی و قەیرانەکانی رابردوومان بکاتەوە".
تاڵەبانی زیاتر وتیشی: "زۆر پەلەین لەبەرنامە دانان بۆ حوکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو، دەبێت لەوە تێبگەین تا زوو بگەینە رێککەوتن باشترە، چوونکە کێشەی زۆر گەورەمان لە پێشەوەیە، کاتمان ئەوەندە نیە تا لە ناکۆکیدا بەفیڕۆی بدەین، جگە لە رێککەوتن و پێکەوە کارکردن هیچ بژاردەیێکی ترەمان نیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment