ئاستەنگەکانی چارەکردنی کێشەی کورد لە تورکیا چییە؟

بەشی جیهان- دوکتور کریس هیوستۆن، مامۆستای زانکۆی مەک کوایر-ی ئوسترالیا لە بواری خەڵک ناسید-دا باوڕی وایە کاربەدەستانی تورکیا لە دەوڵەتە جیاوازەکاندا مەیلی چارەسەر کردنی کێشەی کوردیان نییە چوونکە ئەگەر ئەم خواستە ببوایێت لە دونیای ئەمڕۆدا دەرەچەی چارەکردنی ئەم چەشنە کێشەیە بوونی هەیە و نموونەی ئاشکرای ئەم بابەتەش لەبەر دەستە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرسی کورد لە تورکیا بووەتە مەسەلەیێکی کاریگەر لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا و لێکەوتەکەشی لەسەر وڵاتانی دراوسێ لەوان عێراق و سووریا دەبینرێت. هەواڵدەریی کودپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ دوکتور کریس هیوستۆن، مامۆستای زانکۆی مەک کوایر-ی ئوسترالیا گفتوگۆیێکی ئەنجام داوە.

کریس هیوستۆن دەڵێت پرسی کوردەکان لە تورکیا بە ئاسانی چارەسەر دەبێت بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا مەیلی چارەکردنی کێشەکەیان نییە. بە باوڕی ناوبراو ئامادەبوونی بەهێزی کەمالیستەکان و ناسیۆنالیستە تورکەکان، بێ مەیلیی دەوڵەتەکان، قۆستنەوە لە مەسەلەی کورد بۆ بەرەو پێش بردنی خواستی حکوومەتەکان و نەبوونی گۆڕانکاری لە هەیکەلییەتی حکوومەتی تورکیا لەو پرسانە دێنە ئەژمار کە ڕێگری دەکەن لە چارەکردنی کێشەی کوردەکان لە تورکیا. دوکتور کریس هیوستۆن زیادی دەکات بە سنووردار کردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەت، ڕادەست کردنی دەسەڵاتەکان بە کەمینەکان و ژمارەیێک هەوڵی دیکە دەتوانرێت کێشەی کوردی تورکیا چارسەر ببێت.

دەقی دیمانەکەی هەواڵدەریی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور کریس هیستۆن مامۆستای زانکۆی مەک کوایر-ی ئوسترالیا بخوێنەوە:

کوردپرێس: تورکیای ئەمڕۆ جیاوازیی زۆری لەگەڵ تورکیای پێش کوودەتا هەیە؛ ئەم وڵاتە تووشی قەیرانی ئابوورییە و هەروەها ڕووبەڕووی پرسی سووریا بووەتەوە و ئەمریکاش گەمارۆی خستۆتە سەری. هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییانە چین؟

دوکتور کریس هیستۆن: وەکوو هەر وڵاتێکی دیکە، تورکیاش بە قەیرانەکاندا تێدەپەڕێت و هەندێک جار زۆر سەختە کە بڵێین کامە قەیران مانەوەی زیاترە. بۆ نموونە، قەیرانی ئابووریی تورکیا کاتییە؛ چوونکە بۆ هەمووان وەکوو قەیران نایێتە ئەژمار و حکوومەت هەندێک ئامێری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە قووڵە ئابوورییەکان لەبەر دەستدایە. جگە لەمەش وڵاتانی سەرمایەداری هەندێک جار تووشی قەیران دەبن و پاش ماوەیێک دەرباز دەبن. ئەم مەسەلە سیاسەتی دەرەوەیش دەگرێتەوە. بە ئەگەری زۆرەوە حکوومەتی تورکیا بە سەرکردایەتیی ئاکپارتی هێزەکانی خۆی ڕەوانەی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا دەکات، ئەگەرچی هیچ بڕیارێکی تورکیا بڕیاری یەکلاکەرەوە نەبووە. ئەگەر تورکیا لە هەوڵەکەیدا سەرکەوێت و هێزە کوردەکان بڵاوە پێبکات دەتوانین بڵێن ئەم ناوچانە کە ناوی ناوچەی ئارامی لێنراوە تورکیا بۆ خۆی دەیپارێزێت. لەبارەی گەمارۆکانی ئەمریکاشەوە دەتوانین بڵێین گەمارۆکان هەمیشەیی نین.

لەبارەی کوودەتا بێ ئەنجامەکەی تورکیاشەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم بابەتە تۆزێک جیاوازە. کوودەتا مۆڵەتی بە ئاکپارتی دا کە ڕیفراندۆم لەبارەی گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی تورکیا بەڕێوە ببات و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێبێنێت. ئەم پرسە کاریگەرییێکی هەمیشەیی لەسەر کۆمەڵگای مەدەنیی تورکیا، حزبە سیاسییەکان و پرسی دیموکراسی دەبێت.

کوردپرێس: بۆچی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا نەیانتوانیوە پرسی کوردی ئەو وڵاتە چارە بکەن؟

دوکتور کریس هیستۆن: زۆر ساکار دەتوانین بڵێین حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا مەیلی چارەسەر کردنی پرسی کوردییان نییە. ئەم مەسەلە بۆ هەر دەسەڵاتدارێکی تورکیا دەبێتە دارەدەست کە لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیادا دۆخی نائاسایی ڕابگەیێنێت. پاش ئەوەش هەر کات کە پێویست بێت، جودا لەوەی کە بەگوێرەی دەستووری تورکیا دۆخی نائاسایی چی بێت، دەتوانن لەو دۆخە بۆ ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کەڵک وەربگرن. بەڵام گرینگتر لە ئەمە و جودا لەو سیاسەتانەی کە جێبەجێ دەکرێن، ناسیونالیستی تورکی لەمپەڕێکە بۆ هەرچەشنە سەرهەڵدانێکی فرەفەرهەنگی، پێدانی مافی کەمینەکان و گۆڕینی سیستمی تورکیا بۆ سیستمی فیدراڵی.

کوردپرێس: ئەساسی مەسەلەی کوردی تورکیا چییە؟

دوکتور کریس هیستۆن: مەسەلەی کورد لە تورکیا بە چەند شێوازی جیاواز خوێندنەوەی بۆ کراوە بەڵام بە ڕای من ئەم مەسەلەکە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیموکراسییەت لە وڵاتی تورکیا. ئەم مەسەلەیە پێوەندیشی بە شوڤێنیزمی نەتەوەخوازیی کەمالیستەکان لە تورکیا هەیە. هەروەها مەسەلەی کوردی تورکیا کێشەیێکە کە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ژێرخانی حکوومی و ئیدارەی فیدراڵی لە تورکیا. بەڵام لە کۆمەڵێک وڵاتی دیکە وەکوو ئەمریکا و ئوسترالیا و ئەڵمانیا و هەموو دەوڵەت-میللەتەکاندا جگە لە سیستەمی دەوڵەتی ناوەندی دەسەڵاتی خۆجێیی و هەرێمیش هەیە. ئەم دەسڵاتە هەرێمییانە ماف و دەسەڵاتی تایبەت بە خۆیانیان هەیە کە دەستووری وڵاتەکەیان پێی بەخشیون. تورکیا حکوومەت و دەوڵەتێکی یەکجار بەهێزی لە ناونددا کۆ کردۆتەوە و دەسەڵاتی ئەنجومەنەکانیش دەکەوێتە پاشکۆی دەسەڵاتی ناوەند.

کوردپرێس: ئایا تورکیا دەتوانێت بە ئوپەراسیۆنی سەربازی لە ناوخۆی وڵات و هەروەها هەوڵدان دژی هێزی کوردی سووریا و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پەکەکە لە باکووری عێراق کێشەی کورد بۆ هەمیشە چارەسەر بکات؟

دوکتور کریس هیستۆن: نەخێر. هەرگیز مەسەلەی کورد بەو شێوەیە چارەسەر نابێت.

کوردپرێس: کە وا بوو کێشەی کوردی لە تورکیا بە چی چارەسەر دەکرێت؟

دوکتور کریس هیستۆن: دەکرێت لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی مافی کەمینەکان و چەسپاندنی لامەرکەزیەت و تەنەزول کردنی حکوومەتی ناوەند لە دەسەڵاتەکانی و بەخشینی ماف و دەسەڵات بە هەندێک ناوچە لە تورکیا مەسەلەی کوردی ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت. ئەگەر دەوڵەتەکانی تورکیا نیازیان ببێت مەسەلەی کورد چارە بکەن کێشەکە بە ئاسانی تەواو دەبێت. لە بەر ئەوەی ئەمڕۆکە لە جیهاندا دەرەچەی زۆر لە بەردەستدایە بۆ یەکخستنی کۆمەڵگا فرەڕەنگەکان.

کوردپرێس: ئایا کوردی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق ڕێکدەکەون؟

دوکتور کریس هیستۆن: نازانم. کاتێک بەشار ئەسەد دەست بە سەر هەموو خاکی سووریا بگرێت ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە سیاسەتی بۆ چاکسازی کردن یان دوبارە کۆنتڕۆڵ کردنەوەی هەموو خاکی وڵات چی دەبێت.

کوردپرێس: خوێندنەوەتان بۆ شێوازی مامەڵەکردنی ڕووسیا و ئەمریکا لەگەڵ مەسەلەی کورد چیە؟

دوکتور کریس هیستۆن: ڕووسیا و ئەمریکا لەباری سەربازییەوە دوو وڵاتی بەهێزن و ئەو هێزەی خۆشیان بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان بەکار دەهێنن. بە ئاوڕدانەوە لەم بابەتەش دەکرێت بڵێین کە ئەمریکا و ڕووسیا لەبارەی کوردیشەوە هەمان سیاسەت بەکار دەهێنن.

کوردپرێس: لەم ڕۆژانەدا زۆر باسی کشانەوەی ئەمریکا و جێهێشتنی کوردی سووریا دەکرێت. ئایا ئەمریکا ئەو کارە دەکات؟

دوکتور کریس هیستۆن: ئەگەر مەبەستت لە "کشانەوە" ئەوەیە کە ئەمریکا بۆ هەمیشە بە تەواوەتی لە سووریا بکشێتەوە بەڵێ لە ئەنجامدا هەر دەکشێتەوە. بەڵام بەڕای من دەستەواژەی "بەجێ هێشتن" خوێندنەوەیێکی عاتیفیی تێدایە و بەڕای من باش نییە دەستەواژەی "پشت لێ کردن" یان "بەجێ هێشتن" بەکار بهێنرێت. چوونکە نابێت ئەو دەستەواژە عاتیفییە بۆ عالەمی سیاسەت و عیلاقاتی سیاسی بەکار بهێنرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53197

Your Comment

You are replying to: .
captcha