ئایەتوڵڵا خامنەیی: هێزی چەکدار لە عەقڵییەتی ئیسلامدا حەساری ئەمنی گەلانە

بەشی ئێران/ کوردی- ڕێبەری باڵای ئێران لە دیداری فەرماندەکانی ئەرتەش و هێزی پیادەدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک ڕێنموونی و ڕایگەیاند: لە عەقڵییەتی زۆربەی حکومڕانییەکاندا کە ئیدعای دیموکراسیەتیش دەکەن هێزی چەکدار کەرەستەیە بۆ زاڵکردنی ئۆتۆڕیتەی دەسەڵات بە سەر گەلاندا بەڵام لە عقڵییەتی ئیسلامدا هێزی چەکدار حەسارێکی ئەمنە بۆ گەلان.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 17ی نیسان (28ی گوڵان) ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بە بۆنەی ڕۆژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ئەرتەش و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزە فەرمییەی ئێران دیدار و کۆبوونەوەی کرد و لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک ڕێنموونیی بۆ هێزە چەکدارەکان پێشکەش کرد.

ئایەتوڵڵا خامنەیی لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند: هێزی چەکدار، هێمای دەسەڵاتی نیشتمانییە و ئەوەش تەنیا بۆ کاتی شەڕ نییە بەڵکوو پێویستە هێزی چەکدار لە کاتی ئاشتی و ئاسایشیشدا بۆ هەموو ڕووداوێکی نەخوازراو لە ئامادەییی تەواودا بێت. هەر ئەوەش وا دەکات گەل بۆ هەمیشە بە ئاسوودەیی بژی.

ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە دەرکەوتنی ئەرتەش بۆ یارمەتی گەیاندن بە هاووڵاتییان لە لافاوەکانی ئەم دواییە کرد و ڕایگەیاند: ئەرتەش بە هەموو توانایەوە لە یارمەتیدانی هاووڵاتییاندا دەرکەوت و ئەوەش تەفسیری هەمان دروشمە کە دەڵێین "ئەرتەش فیدای گەلی خۆی دەبێت".

ئایەتوڵڵا خامنەیی تیشکی خستە سەر بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا لەبارەی سوپای پاسدارانەوە و ڕایگەیاند: پێویستە هەموو هێزە چەکدارەکان بنەمای پێکەوەبوونیان پتەوتر بکەن و ئەوەی دوژمنی گەلی ئێرانی پێ قەڵس دەبێت لەسەری کۆک بن و خۆ ببوێرن لەو جووڵە و ڕەفتارانەی دڵی دوژمنانی پێ خۆش دەبێت.

ڕێبەری باڵای ئێران زیادیشی کرد: ئەگەر ئەرتەش و هێزی چەکداری ئێران بەشداریی شەڕی دژەتیرۆری نەکردبا دیار نەبوو ئێستا وڵاتانی ناوچەکە چییان بەسەر دەهات بۆیە دەسەڵاتی هێزی چەکداری ئێران جگە لەوەی ئەمن و ئاسایشی گەلی ئێرانی پاراستووە دەستپێشخەر بووە لە دڵقورسی و ئاسایشی گەلانی ناوچەکەش.

شایانی باسە هەموو ساڵێک ڕۆژی 18ی نیسان بەرانبەر بە 29ی گوڵان وەکوو ڕۆژی ئەرتەشی ئێران یادی دەکرێتەوە و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕۆژەدا نمایشی سەربازی لە ئێران بەڕێوە دەبات.

News Code 53184

Your Comment

You are replying to: .
captcha