کوردپرێس: 199 ڕۆژ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 30ئەیلوولی 2018 بەڕێوەچوو تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنێک کە ئەنجامەکەی وەکوو خولەکانی پێشوو، پێکهێنانی حکوومەتی فرەحزبیی کردۆتە تەنها بژاردەی بەردەم لایەنەکان. هەیکەلیەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە چەشنێکە کە حزبە سەرەکییەکان لەوان پارتی و یەکێتی دەبێت هەمیشە بەشێک بن لە حکوومەت، تەنانەت ئەگەر بوونێکی لاوازیان لە پەرلەماندا ببێت. ژمارەیێک لە حزبە سیاسیەکانی دیکەش لە ململانێکاندا پێگەیێکی سەرتر لە پێگەی پەرلەمانیی خۆیان بەدەست دێنن. بزووتنەوەی گۆڕان یەک لەو حزبانەیە کە سەرەڕای دووکوت بوونی دەنگ و کورسییەکانی لە پەرلەمان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا دەورێکی تایبەت دەبینێت. ئامادەبوونی پارتی دیموکرات بۆ بەشدار کردنی گۆڕان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا بەمەبەستی گۆڕینی هاوکێشەکان لەناوچەی ژێر کونترۆڵی یەکێتی دۆخەکەی ڕوو بەشوێنێک بردووە کە دەتوانین وەکوو چەقبەستووییێکی سیاسی ناوی لێببەین.
ئاژانسی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی دانووستنەکانی پێکهێنانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆکان و هەروەها تاوتوێ کردنی هەڵویستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەمبارەوە دیمانەیێکی تایبەتی لەگەڵ کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و نوێنەری پێشووی ئەم حزبە لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:
کوردپرێس: سەرەڕای ئەوەی کە دەگوترا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کەوتۆتە سەر ڕێڕەوێکی باش، ئێستا گفتوگۆکان ڕاگیراون، کۆسپی بەردەم دانووستانەکان لە ئێستادا چییە؟
کوێستان محەمەد: ئێمە وەکوو بزووتنەوەی گۆڕان زۆر نیگەرانی دوا کەوتنی پێکهێنانی حکوومەتین، چوونکە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەموو حزبە سیاسییەکان بەڵێنی گەورەیان بە خەڵک داوە بەتایبەت کۆتایی هێنان بە قەیرانی دارایی و ئابووری و هەروەها دەست پێکردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ... کە بەهۆی دوا کەوتنی کابینەی نوێوە هەموو ئەم بەڵێنانە دوا کەوتوون، لەدوای هەر دواکەوتنێکی حکوومەت زیانەکەی بۆ هاووڵاتییان و هاونیشتمانیان دەگەڕێتەوە، بۆیەش ئێمە زۆر نیگەرانین لەم دۆخە و هیوادارین لە ئایندەیێکی زۆر نزیکدا کابینەی نوێ پێکبێت. دیارە هۆکاری ئەوەی کە کابینەکە تا ئێستا پێکنەهاتووە بەدەرەجەی یەک پێوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانییەوە هەیە کە هەر لەسەرەتای گفتوگۆکانەوە کۆمەڵێک داخوازیی هەبوو وەکوو مەسەلەی بەغدا و کەرکووک و دواتر پشکەکانی لە حکوومەتی هەرێم و ئێستاش داوای جێگری دووهەمی سەرۆکی هەرێم دەکات کە بەداخەوە هەموو ئەم داخوازییانەی یەکێتی بووەتە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
کوردپرێس: پێتان وایە یەکێتی بۆچی ئەم داواکارییانەی ئاراستە کردووە لە کاتێکدا ئاگاداری ڕێککەوتننامەی نێوان گۆڕان و پارتی بوو؟
کوێستان محەمەد: باشتر وایە کە وەڵامی ئەم پرسیارە یەکێتی بیداتەوە بەڵام بەداخەوە یەکێتیی نیشتمانی بووەتە لەمپەڕ بۆ دروست بوونی ئەم کابینەیە بەڵام بە تەحلیل من نازانم هۆکارەکەی چییە. من هۆکارێکی جیددی نابینم کە ببێتە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و دواکەوتنی جێبەجێ کردنی بەڵێنی لایەنە سیاسیەکان کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی خۆشگوزەرانیی و ئارامیی خەڵک.
کوردپرێس: پێشنیارەکانی گۆڕان بەگشتی بۆ مەسەلەی جێگری سەرۆکی حکوومەت چین کە ئێستە لەمپەڕێکی جیدییە لە سەر ڕێگای پێکهێنانی حکوومەتی نوێ؟
کوێستان محەمەد: بزووتنەوەی گۆڕان ڕازی نییە بەوەی کە جێگری سەرۆکی هەرێم ببێتە دوو کەس و دەیهەوێت وەک خۆی بمێنێتەوە. یان ئەوەی کە ئەو پۆستە بدرێتە یەکێتی و لەبەرامبەردا بزووتنەوەی گۆڕان وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێت.
کوردپرێس: ئایا لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ یەکێتی و پارتی قسەتان کردووە، کاردانەوەیان چی بووە؟
کوێستان محەمەد: بەڵێ لیژنەی دانووستانکار ئەم مەسەلەیەی باس کردووە، ئەگەر بە پێشنیارەکەی گۆڕان ڕازی ببوونایێت حەتمەن ئێستا مەسەلەی پێکهێنانی کابینە نزیک دەبووەوە بە کۆتایی، دیارە ڕازی نەبوون بۆیە دۆخەکان بە چەقبەستووی ماونەتەوە.
کوردپرێس: پرسیارێکی زۆر گرینگ ئەمەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمیان وەکوو پۆستێکی زیادە دەبینی بەڵام ئێستا لەسەر جێگرەکانی ئەم پۆستە ناکۆکی دروست بووە، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
کوێستان محەمەد: هێشتا دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بوونی هەیە و سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتێکی زۆر و ڕەهای هەیە کە بووەتە ئەمری واقیع لەبەر ئەمەش داوا کردنی جێگرەکەی ڕەوایە بۆ ئەوەی کە هەر هیچ نەبێت تۆ بەشدار بیت و بتوانی ڕێگر بیت لەوەی کە سەرۆکی هەرێم ئەو هەموو دەسەڵاتە زۆرە بە شێوەیێکی ناردوست بەکار بێنێت.
کوردپرێس: لەم ماوەیەدا بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ڕایگەیاند کە ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم و تەنانەت وەزارەتی پێشمەرگەیش بە گۆڕان بدرێت، بەهۆی ئەو ئەمرە واقیعە و ئەو دەسەڵاتە کە پارتی و یەکێتی هەیانە پۆستی جێگری سەرۆک و پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە هیچ دەسەڵاتێکی نابێت وەڵامی ئێوە بۆ ئەم وتەیە چییە؟
کوێستان محەمەد: من بەداخەوەم بۆ ئەم تێڕوانینە هەڵەیە، ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئەوە بووە کە حیزب هێزی چەکداری نەبێت و پێویستە ئەم هێزانە هەموویان یەکبخرێن و بکرێنە هێزی سەربازی و هێزی نەتەوە و نیشتمان. لەباتی دەرگیری لەسەر بەرژەوەندییەکان حزب و بنەماڵە و تاکەکەسەکانی ناو حزبەکان، بەرگری لە ئامانجە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان بکەن. گەیشتن بەم ئامانجە کاتێک ئەبێت کە ئەم هێزە لە دەستی حزب و بنەماڵە و تاکەکەسەکان دەربێت و بگەڕێتەوە بۆ نەتەوە و نیشتمان بۆ ئەمەی کە جارێکی دیکە کارەساتێک وەکوو کارەساتی 16ی ئاکتەوبر ڕوو نەیاتەوە و ئێمە ناوچەکانی خۆمان لەدەست نەدەین. ئەمەش بە هێزێکی سەربازیی تۆکمە ئەکرێت کە ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕانە. بزووتنەوەی گۆڕان کە مەبەستیەتی جێگری سەرۆکی هەرێم یان وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێت بەشێکی هەرە گرینگی بۆ ئەوەیە.
کوردپرێس: بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر ئەزموونی وەزارەتی پێشمەرگەی هەبووە و لەو قۆناغەدا کۆمەڵێک چاکسازیی دەستپێکرد لە وەزارەتەکەدا، بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی ئێستای هەرێم و لێدوانەکانی ئێوە سەبارەت بە گرینگایەتیی ئەم وەزارەتە و پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم پێتان وایە بەستێن بۆ بەردەوام بوون لە چاکسازییەکاندا فەراهەمە؟
کوێستان محەمەد: بۆ ماوەی یەک ساڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەدەستی بزووتنەوەی گۆڕان بووە لەماوەی ئەو ساڵەدا کۆمەڵێک چاکسازیمان کردووە و هەنگاوی گەورەمان نا بەو ئاراستەی کە هێزەکان یەکبخەین. لەو ماوەدا کە وەزارەتی پێشمەرگە لای بزووتنەوەی گۆڕان بووە هێزی پێشمەرگە لە شەڕەکانی داعشدا لە هەموو قۆڵەکانەوە لە سەرکەوتندا بووە بەڵام دوای ئەوەی کە وەزیرەکانی ئێمە نێردراونەتەوە وردە وردە لەشەڕی داعش پاشەکشەمان کرد و شکستی هێزی پێشمەرگەمان بینی. هەموو ئەو چاکسازییانەی کە کردوومان لەو شوێنەی کە جێمان هێشتووە بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، بۆیە پێمان وایە ئەگەر ئەو وەزارەتە وەرگرین دەتوانین ئەو هەنگاوانەی کە ناومانە تەواوی بکەین و هەروەها دەتوانین ئەو چاکسازییانەی کە دەستمان پێکردبوو لە کوێ جێمان هێشتووە لەوێوە دەست پێبکەینەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
کوردپرێس: ئاقاری پێکهێنانی حکوومەتی نوێی بەتایبەت لە دۆخی ئێستا و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان چۆن دەبینن؟
کوێستان محەمەد: بەداخەوە زەمەنێکی زۆرە کە هەڵبژاردن کراوە و کات زۆر تێپەڕیوە من هیوادارم ئەو دۆخە چەقبەستووە کۆتایی پێبێت و لایەنەکان بگەنە ئەنجام بە شێوەیێک کە ئەو کابینە کە پێکدەهێندرێت لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بێت و کابینەیێک بێت کە چاکسازی بکات و کۆتایی بە کێشە و قەیران و نەهامەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێنێت.
کوردپرێس: ئایا ئەگەر داواکارییەکانی گۆڕان بۆ وەدەستەوە گرتنی پۆستەکان هاتەدی، ئەم بزووتنەوەیە بەندەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دەگۆڕێت؟
کوێستان محەمەد: من ناتوانم بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هیچ بڕیارێک بدەم، ئەم بڕیارە بڕیاری من نییە و بڕیاری جڤاتی نیشتمانییە ئەگەر پرسێکی بەو چەشنە هاتە پێشەوە لیژنەیێکی دانووستانکار ئەگەڕێنەوە پرس بە جڤاتی نیشتمانی دەکەن و جڤاتی نیشتمانی بڕیار دەدات کە ئایا بە ڕێککەوتنەکەماندا بچینەوە یان هەڵیپەسێرین یان کۆتایی پێبێنین.
* دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment